چالاکوانێک بۆ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر: چۆن سەرتان بەرامبەر ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە؟

 چالاکوانێک بۆ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر: چۆن سەرتان بەرامبەر ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە؟
ە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەربەخۆخوازان گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر شەرمەزار دەکەن و ڕەخنەی توند لەوە دەگرن کە تاوەکوو ئێستا ئەو گرووپە دادگایی نەکراون.



سادق جەباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: "ئەو ئاڵایە لە دڵی ھەموو کوردستانییەکدایە، ئەم ئاڵایە مێژوویەکی لەخۆ گرتووە کە پڕە لە قوربانیدان و نزیکە 100 ساڵە کوردستان تێدەکۆشێت تا ئەو ئاڵا ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان“.



ئاماژەشی بەوە کرد کە لە مێژووی کورددا چەندین جار تووشی شکست هێندراوە. دەشڵێت: ”ئەوە بەھۆی خەڵکانێک کە بەرژەوەندیی حزبیی تاکەکەسیان پێش خستووە“.



باسیشی لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کرد و گوتی: ”ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، کارەسات بوو، کوردستان 4 ساڵ شەڕی داعشی کرد، لەو شارە 1700 پێشمەرگەمان لەو پێناوە شەھیدبوو، خەڵکمان بەدیل گیرا، خەڵک تووشی دڵە ڕاوکێ بوو کە ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، ئەو ئاڵایە ھاتە خوارەوە لەلایەن خەڵکی نەفس نزمەوە، سووکایەتی پێکرا، لە کاتێکدا ئەو دەمەی کورد لە کەرکووک بوو، خەڵک زۆر رێزی لە پێکھاتەکانی دیکە گرت، ئاسایشی بۆ شارەکە گەڕاندبووەوە".



بە بڕوای سادق جەباری، ئەوەی بەسەر کورددا ھاتووە کاتییە، ئەمرۆ یان سبەی ھەر ئەو ئاڵایە بەرز دەبێتەوە. دەشڵێت: ”رۆژان رۆژی بەدواوەیە، ئاڵای کوردستان بووە بە خوێن لە دەماری تاک بەتاکی کوردستان، ھەر ڕۆژێک دەبێت لە کەرکووک بشەکێتەوە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ئێستا گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر بەخۆیاندا چوونەتەوە و ”ڕاچڵەکیون“ لەوەی چییان کردووە. گوتیشی: ”ئێستا ئەو گرووپە دەسەڵاتیان نییە لە کەرکووک، ئەوەش دەرئەنجامی ھەڵپەی شەخسی و حزبی“.



لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەر شکستیان هێنا لە پیلانەکەیان و خۆیان هەستیان بە شکستەکەیان کردووە، بۆیە ئێستا پاشگەزبوونەوەیان پێوە دەبینرێ.



هەر لەمبارەیەوە ڕێباز یوسف، سەرۆکی تۆڕی ھەماھەنگیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ھەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چۆن دەتوانن بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان چاو بەرز بکەنەوە؟ ئەمڕۆ رۆژی ئاڵایە، زیاتر لە 2 ھەزار پێشمەرگە لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایە شەھید بوون، کەچی گرووپێکی چەند کەسی شکۆی ھەزاران پێشمەرگەیان دایە دەست حەشدی شەعبی و دواتر ئاڵای کوردستانیان سووتاند“.



ڕوونیشی کردەوە: ”لەم ڕۆژەدا ئەو کەسانە جێگایان لەژێر ئەو ئاڵایە نابێتەوە کە خیانەتیان لە گەلی کوردستان کردووە و گەلی کوردستان هەرگیز لەو کەسانە خۆش نابن کە خیانەتیان لێ کردوون".



باسنیوز
Top