ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگاى عێراق: حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى جه‌نگى دژ به پارێزگاكه‌مان هه‌ڵگیرساندووه
لیژنه‌ى یاسایی له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌سڕه، ئه‌مڕۆ شه‌مه 16/ 12/ 2017، ئاشكراى كرد، بڕى قه‌رزه‌كانى سه‌ر پارێزگاكه گه‌شتووه‌ته 160 ملیار دینار، هاوكات حكوومه‌تى به‌غداشى به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه جه‌نگی دژ به پارێزگاكه ڕاگه‌یاندووه.
ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن، سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌سڕه، له ڕاگهیاندراویكدا، گوتی: "له بودجه‌ى 2017 بڕى 396 ملیار دینارى له پاره‌ى پترۆدۆلار بۆ پارێزگاى به‌سڕه ته‌رخان كرا".
جه‌ختیكرده‌وه، كه له‌سه‌ر ڕۆشنایی بودجه‌ى گشتیى، پارێزگاى به‌سڕه چه‌ند گرێبه‌ستێكى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى بوارى شاره‌وانى و پاككردنه‌وه، ته‌ندروستى و پرۆژه ڕاگیراوه‌كان، واژۆ كرد.
سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌سڕه، جه‌ختیكرده‌وه، كه له مانگى ته‌مووزدا، حكوومه‌ت له پڕ ئه‌و بودجه‌یه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و پارێزگاكهشیان خسته ژێر قه‌رزێكى زۆره‌وه.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "زیاتر له 160 ملیار دینار قه‌رزدارى كۆمپانیاكانین، ئه‌مه جگه له قه‌یرانى نه‌بوونى پرۆژه‌ى تر له سنووره‌كه".
دووپاتیشیكرده‌وه، كه بهسڕاوییهكان زۆر تۆڕه و نیگه‌رانن له حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕ‌ازى نین مافیان بخوورێت، داواشیكرد، له بودجه‌ى 2018 قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
bas news-
