دوکان.. بێ بەرامبەر خانووی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی تاپۆ دەکرێت

 دوکان.. بێ بەرامبەر خانووی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی تاپۆ دەکرێت
سەرۆکی شارەوانی دوکان، ئاشکرای کرد کە لەئێستا لەناو شاری دوکان، سەرقاڵی ئەوەن کە ناوی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفالکراوان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی خانووەکانیان بێ بەرانبەر بۆ تاپۆ بکەن.

پشتیوان ئەحمەد، سەرۆکی شاروانی دوکان، ڕایگەیاند: "لەئێستا کارەکانی تاپۆکردنی چەند گەڕەکێکی ناو شاری دوکان دەستی پێکردوە و بەپێی ڕێککەوتنێکیش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کە خانووەکانیان تاپۆ نییە و کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی سیاسین، بی ئەوەی ئەو پارەو ڕسوماتەی کە لە بەرامبەر تاپۆکردنی خانووەکە وەردەگیردرێت، تۆماریان دەکەین".

سەرۆکی شارەوانی دوکان، ئەوەشی خستە روو، کە بەدەر لەوەش نزیکەی 160 خانوو لەناو شاری دوکان ھەیە، کاتی خۆی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ھاووڵاتییان دروست کراوە، بۆیە لەئێستا بڕیاری تاپۆکردنی ئەوانیش دراوە لەسەر ئەو ھاووڵاتیانەی کە چەند ساڵە لەناو ئەو خانووانەدان، ھاوکات ئەو خانووانەش تاپۆ دەکەن کە پێشووتر بە زێدەڕۆیی لەناو شاری دوکان دروست کراون و دوای ڕێکخستنەوەی نەخشەی بنەڕەتی گرفتیان نەماوە.











باسنیوز
Top