کامیل ژیر: لە 16ی ئۆکتۆبەردا کۆمەڵێک کەس بێ تەقە کەرکووکیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد
کامیل ژیر لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ھەندێک وڵاتی گەورە ھەیە بەھۆی شەڕە جیھانییەکانەوە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەدەست ھێناوە و توانیویانە ڕاپەڕین ئەنجام بدەن و کەسانی بێگانە لە وڵاتەکەی خۆیان دەربکەن و دواجار مافی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەدەست ھێناوە، کەواتە ئێمەش دەتوانین کارێکی وەھا بکەین، کە بەھۆی ھێز و بازووی خۆمانەوە پشتی دوژمنەکانمان بشکێنین، بێگومان ئەوکاتە گەلی کورد مافی سەربەخۆیی بەدەست دەھێنێت".
کامیل ژیر لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "یەکێک لە ھەڵەکانی میللەتی کورد ئەوەیە ڕەحم بە دوژمنی خۆمان دەکەین، لە کاتێکدا دوژمن بە درێژایی مێژوو ڕەحمی بە کورد نەکردووە، بۆ نموونە، لە کاتی دەوڵەتی ماددا فارسەکان دەستیان بەسەر دەوڵەتی کورددا گرتووە و کوردیان ڕووبەڕووی قەلاچۆکردن و کۆمەڵکوژی کردووەتەوە، ھەروەھا سەدام حوسێن، گەلی کوردی ئەنفال و کیمیاباران کرد و ئێستاش داعش و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی جارێکی دیکە ھەوڵی لەباربردنی گەلی کورد دەدەن، بەڵام گەلی کورد ھەر ڕێگەی سۆز و بەزەیی دەگرێتە بەر، بۆیە گەلی کورد بووە بە بوونەوەرێک کە لەڕووی دەرونییەوە ھەست بە لاوازی دەکات".
ئەو نووسەرە کوردە لە درێژەدا ئەوەشی خستە ڕوو: "دوژمن سوودی لە ھەڵوێستەکانی کورد بینیوە، بۆ نموونە، گەلی کورد نەیتوانی تۆڵەی ئەنفال و کیمیاباران لە عەرەب بکاتەوە، بە پێچەوانەوە گەلی کورد ڕەحمی بە عەرەب کردووە، ئەگەر عەرەب ھەلی بۆ بڕەخسێت، سەد جاری دیکە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیمان دەکەنەوە و دەڵێن، کورد لاوازە و سەد جار کۆمەڵکوژمان کردوون، بەڵام ئەوان ھەر بە پێکەنین و قسەی خۆش پێشوازییان لە ئێمە کردووە".
کامیل ژیر لە درێژەی لیدوانەکەیدا لەبارەی خەیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر ڕای گەیاند: " لە 16ی ئۆکتۆبەردا ڕەحمێکی زۆر بە دوژمنی کورد کراوە، ئەی کۆمەڵێک کەس نەبوون، چون عەسکەری عەرەب و حەشدی شەعبییان ھێنایە ناو کەرکووکەوە و بەبێ تەقە کەرکوکیان دا بەدەستی چەکردارەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، ئەی ئەوە سۆز و بەزەیی نەبووە بەرامبەر بە دوژمنی کورد؟ بێگومان دەبوا ڕێگری لە دوژمن بکرایە، چونکە ئێمە ئەزموونێکی ڕەشمان لەگەڵ عەرەبدا ھەیە، ھەر ئەوان بوون ئێمەیان ئەنفال و کیمیاباران کرد، بۆیە ئەگەر ئێمە بەرگریمان لە کەرکوک بکردایە، ئەوکاتە لایەنی عەرەبی کە پێکھاتبوون لە (حەشدی شەعبی و سوپای عێراق) ئەوکاتە دەیانزانی کورد بەرگری لە کەرکوک دەکات، ھەرگیز کەرکوکیان پێ کۆنتڕۆڵ نەدەکرا، بەڵام ئەگەر سوپای عێراق سەرکێشی بکردایە و بھاتایە کەرکووکی بگرتایە، ئەوکاتە بە ھەزاران کەسیان لێ دەکوژرا و دواجار لەو نێوەندەدا سوپای عێراق ئامادە نەدەبوو ئەو قوربانییە گەورەیە بدات، چونکە کاتێک حەشدی شەعبی ھاتووە، تەنھا بۆ تاڵان ھاتووە، نەوەکوو بێت شەڕ لەگەڵ گەلی کورد بکات، بۆیە ئەگەر 50 کەسیان لێ بکوژرایە ڕاستەوخۆ پاشەکشەیان دەکرد".
کامیل ژیر لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لەوەش کرد: "دەبێ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بپارێزین و خۆمان بەھێز بکەین، بێگومان ئەمڕۆ ھێز تەنھا لە چەک دایە و دەبێ ئێمە خۆمان پڕچەک بکەین، بۆ ئەوەی وەڵامی دوژمن بدەینەوە، ئێستا پارە جێگەی ھەموو شتێکی گرتووەتەوە، بێگومان بەو پارە زۆرە ئێمە توانای ئەوەمان ھەبوو فڕۆکەی جەنگی بکڕین، یان ھێزێکی ئاسمانی درووست بکەین“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
