خورماتوو.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پێشێلکارییەکانیان بەردەوامن

 خورماتوو.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پێشێلکارییەکانیان بەردەوامن
ئەمڕۆ شەممە 16/12/2017، دوو مانگ تێپەڕ دەبێت بە سەر داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە.
بەپێی زانیارییەکان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییانی کوردی خورماتوو.

بە گوێرەی ئەو وێنانەی کە دەست کەوتووە، تێدا ئەبو ڕەزا نەجاڕ، فەرماندەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە باکوور و ژمارەیەک لە میلیشیاکان لە سەر چیای ھەنجیرە لە خورماتوو دەبینرێن.

وەک لەوێنەکاندا دەردەکەوێت کە ئەو میلیشیایانە نەخشەیەکی ناوچەکەیان لە بەر دەستە و بە گوتەی ڕەزا کەوسەر، فەرماندە لە حەشدی تورکمانی دەیانەوێت، ئۆپەراسیۆنێک لە دژی ھێزە چەکدارەکان لەپشت چیای ھەنجیرە دەست پێ بکەن.

پێشتریش ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو، ڕایگەیاندبوو: "حەشدی شەعبی ھێزی دیکەی خۆیان لە (داقووق)ەوە بۆ خورماتوو ھێناوە، ھەروەھا ئەو ھێرشەی کە بەنیاز بوون لەم ڕۆژانەی دواییدا بۆ سەر گوندەکانی سنووری داودە ئەنجامی بدەن دوایان خستووە، ھۆکاری دواخستنەکەشی نازانریت".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەت کار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".










باسنیوز
Top