سەرکردەیەکی بزووتنەوە: ھەندێک حزبی کوردستان لابەلا پەیوەندییان لەگەڵ عەبادی ھەیە
کامیل مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، گوتی: "حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو دەسەڵاتە بەھێزەی نییە یاری بە کەرامەتی خەڵکی کوردستان بکات، ئەوە خەتای حزبەکانی کوردستان و خەتای نێوماڵی کوردە کە شپرزە و لێکترازاوە و عەبادیش توانی ئەو کەلێنە بقۆزێتەوە و بەو شێوەیە ملھوڕی بکات و ئەگەر ناوماڵی خۆمان رێک بوایە، نەیدەتوانی ئەوەش بکات، ئێستاش ھێزە سیاسییەکان بە نھێنی بێت، یان بە ئاشکرا ھەندێکیان لەوە دەچێت پەیوەندییان لەگەڵ عەبادی باشتر بێت".
ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە درێژەی قسەکانیدا ڕووی کردەوە: "نەبوونی دیدی سیاسی و پرۆژەیەکی سیاسیی ھاوبەشی کوردستانی بەرانبەر بە بەغدا، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە و دیارە ھێزە سیاسییەکان جا ھێزێک بێت یان دوو ھێز پەیوەندیی لابەلایان ھەبێت لەگەڵ عەبادی ئەمەش وای کردووە دۆسیەکان تێکەڵ ببن و گفتوگۆکان دوا بخرێن".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
