شیوعی: ئەگەر یەکێتی سنوورێک بۆ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر دابنێ وەک هێزێکی نیشتمانی دەمێنێتەوە
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، ڕایگەیاند: "ئێستا ھەوڵ بۆ دروستکردنی عەقڵیەتێک دەدرێت کە بیانوو بۆ خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بھێنرێتەوە، یان بۆ ھەرزان فرۆشتنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم قوناغەی ئێستا پێویستی بەوەیە کە بۆ مێژوونووسان و دامەزراوەی دەوڵەتی لێ بگەڕێین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکەن".
ئەو سەرکردەیەی شیوعی، ئەوەشی خستە ڕوو: ”پرسیاری سەرەکی ڕووبەڕووی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێتەوە، ئەوەیە کە چۆن خاوەندارییەتی لە 16ی ئۆکتۆبەر دەکەن؟ یان ئایا وەک ھێزێکی نیشتمانی لە پاڵ ھەموو ھێزەکانی دیکەی کوردستان دەمێنێتەوە و سنوورێک بۆ ئەو خەڵک و لایەنانە دادەنێن کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە؟، ھەروەھا لە داھاتووشدا ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر“.
هندرێن ئەحمەد نەیشاردەوە کە "ئەم پرسیارانە لای یەکێتی دەمێنێتەوە، چونکە تا ئێستا یەکێتی بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە یەکلای نەکردووەتەوە“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
