بەرپرسێکی گۆڕان لە سلێمانی واز لە پۆستەکەی دێنێ و کوردستان بەجێ دەهێڵێ
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە شارەوانیی سلێمانییەوە دەست کەوتووە، بەھادین ئیبراھیم، بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستەکەی بەجێھێشتووە و بەرەو کەنەدا ڕۆشتووە و داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە کردووە. دواتریش کەسێک بە ناوی سەلام بیلال، لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پۆستی بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دانرەوە.
لەمبارەیەوە، ئەنوەر تاھیر، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند:" بەپێی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتیی پۆستی بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکان پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە بەڵام لە ئێستادا بەڕێوبەری ئەوپۆستە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە، ھەر بۆیە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان کەسێکی دیکە بە وەکالەت لەو پۆستە دانراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسەی لە پۆستی بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دادەنرێت، دەبێ لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بێت، ”چونکە ئەوە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەین، لەلایەن پارێزگارەوە ناوی کەسێکی دیکەیان بەدەست بگات، تاوەکو ڕێکاری یاسایی و ئیداری بۆ بگیرێتە بەر“.
باسنیوز
