بەرنامەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا ئاشكرا دەبێت
لەسەر بانگهێشتیی فەرمیی حکوومەتی ئەڵمانیا، بڕیارە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵ بکات.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمبارەوە رای گەیاندووە: "لە ماوەى سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا خاتوو ئەنگیلا مێرکڵ و هەریەک لە بەڕێزان زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوە و خاتوو ئۆرسەڵا ڤۆندەرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوەو سەردانى پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ دەکات".
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و خستنەڕووى دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکانى ناوچەکە و شەڕى تیرۆریستانی داعش و ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران و میکانیزمى چارەسەرکردنى پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتکردنەوەى هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى پرسەکان بە رێگەى دیالۆگ و ئاشتیانە تەوەرى سەرەکیى دیدارو کۆبوونەوەکان دەبن.
باسنيوز
