وەزارەتی پێشمەرگە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەبارەی ناوچەکانی گوێڕ ڕەت دەکاتەوە
ھەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری ڕۆرشنبیری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕایگەیاند: "ھیچ جۆرە دانیشتن و ڕێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە مەبەستی کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە گوێڕ نەکراوە، ھەروەھا پێشمەرگەش ئامادەی ھەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکە و ئامادە نییە ئەو ناوچانە بۆ ھێزە عێراقییەکان چۆڵ بکات".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد: "زانیارییان لەسەر ھاتنی ھێزێکی زۆری عێراق بۆ ئەو ناوچانە و جووڵەیان ھەیە".
ھەڵگورد حیکمەت لەسەر بەرنامەی نوێیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی دەشڵێت: "ئێمە دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، بەڵام عێراق تا ئێستا بیر و بۆچوونی وایە کە مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە گفتوگۆ لەسەر کۆی گشتیی بابەتەکان و لەناویشیاندا بابەتە سەربازییەکان لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیدا بکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لایەنی عێراقی خۆی لە گفتوگۆکان دەدزێتەوە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
