ڕاوێژکارێکی پەرلەمان: کێشە کەوتووەتە نێوان پەرلەمانتارانی گۆڕان و یوسف محەمەد

 ڕاوێژکارێکی پەرلەمان: کێشە کەوتووەتە نێوان پەرلەمانتارانی گۆڕان و یوسف محەمەد
ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرلەمان پەیوەندیی بە گرفتی ناوخۆی گۆڕانەوە ھەیە و لەناو خۆیاندا تووشی گرفت بوون.

د. مەدحەد سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو قسەیە راست نییە، گوایە بارودۆخی پەرلەمان ھۆکار بووە بۆ نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پەرلەمان، راستییەکەی ئەوەیە کە ململانێ لەناو گۆڕاندا ھەیە، ئەگەر نا بۆچی پەرلەمانتارەکانیان لە پەرلەمانن؟ گرفتی باڵەکانی ناو گۆڕان ھۆکاری نەگەڕانەوەی یوسف محەمەدە".

ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان یوسف محەمەدی سەرپشک کردووە بۆ گەڕانەوە، یان نەگەڕانەوە و نەگەڕانەوەشی پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە لەوە دەچێت ئەو بڕیارەی بەدڵ نەبووبێت کە گۆڕان دوای ڕیفراندۆم بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێ دا".

مەدحەد سلێمان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، ”گرفت لە نێوان یوسف محەمەد و چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕاندا ھەیە، بەڕادەیەک کە قسە لەسەر گۆڕینی ھەبوو کە لە شوێنی ئەو عومەری حاجی عینایەت دابندرێت".

هەر لەمبارەیەوە عومەر عەلی، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرا کرد: ”دەبووایە پێش ڕیفراندۆم بڕیار لەبارەی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بدرێت“.

باسیشی لەوە کرد کە نیگەرانیی ئەوان لە بزووتنەوەکەیان بەهۆی ئەوەیە کە ئێستا گۆڕان بڕیاری گەڕانەوەی یوسف محەمەد دەدات، بەڵام تەنیا چوار مانگ تەمەنی پەرلەمان ماوە.













باسنیوز
Top