دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستیی خوێندن بۆ 926 قوتابیی کەرکووک و خورماتوو دابین دەکات
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 13/12/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکیدا و لە سێکتەری پەروەردەدا، جانتا و پێداویستیی خوێندنی گەیاندە 341 قوتابیی خورماتووی قۆناغی بنەڕەتی یەک تا شەش، کە لە ھەشت قوتابخانەی سنووری قەزای کەلار درێژە بە خوێندن دەدەن، ھەر لە ھەمان رۆژدا و لە چەمچەماڵ، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بەسەر 180 قوتابیی دیکەی کەرکووک و خورماتوو دابەش کرد.
رۆژی پێشتریش، چەندین چالاکی بۆ ھاوکاری کردنی ئەو قوتابیانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە بەڕێوە چوون و تێیاندا 405 قوتابیی خورماتوو کە ئێستا لە کەلارن سوودمەند بوون، ئەو قوتابییانە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ناچار بوون ھاوشانی خێزانەکانیان ماڵ و ژیانی خۆیان لە خورماتوو و کەرکووک بەجێ بھێڵن و ڕوو لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکەن، کە بەشێکی زۆریان لە قوتابخانە نوێکانیاندا، درێژە بە خوێندن دەدەن.
ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا، چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات، کە تا ئێستا بریتی بوون لە: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستیی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابییان، ھەروەھا خولی تایبەت بە فێرکردن و بارھێنان، کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و ھاوکاری ڕێکخراو و خێرخوازە ھەرێمی و جیھانییەکان بەڕێوە دەبرێن.
باسنيوز
