لە داقووق عەرەبی هاوردە دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر زەوییە داگیركراوەكانی كورد
ئەمیر خواكەرەم قایمقامی پێشووی قەزای داقووق، ڕاگەیاند : پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، عەرەبی هاوردە دۆخەكەیان بەهەل زانیوە و چەند جارێك ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ سەر زەویی ئەو جووتیارە كوردانەی پێشتر و لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا داگیریان كردبوو، بەڵام لەلایەن جووتیارە كوردەكانەوە ڕێگرییان لێكراوە و بەو هۆیەشەوە شەڕ و تەقەكردن لە نێوان هەردولادا ڕووی داوە و برینداریش هەبووە".
ئەمیر خواكەرەم، لە درێژەدا گوتیشی "ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە تاپۆی باب و باپیرانی كوردن، چاوەڕێ بووین لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقدا یەكلا بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارانی كورد و سیاسەتمەدارانی كورد لە بەغدا بەهۆی سەرقاڵبوون بە ململانێی سیاسی و كاری لاوەكییەوە، نەیانتوانی پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ئەو مادە دەستوورییە بكەن، ئەوەش وای كردووە ئەمڕۆ جووتیارانی كورد باجەكەی بدەن".
قایمقامی پێشووی قەزای داقووق، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا "یەكلاكردنەوەی کەیسی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە لە وەزارەتی داد ماوەتەوە و تا ئێستا بە هەموو كەركووك و دووبز و داقووق و خورماتووەوە، تەنیا نزیكەی 20%یان یەكلا كراونەتەوە".
باسنیوز
