دەنگۆی تێکچوونی دۆخی تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسول ڕەت دەکرێتەوە

 دەنگۆی تێکچوونی دۆخی تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسول ڕەت دەکرێتەوە
دەنگۆی تێکچوونی دۆخی تەندرووستیی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەت دەکرێتەوە و ئەوەش ئاشکرا دەکرێت کە دووەمین نەشتەرگەری بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجام دراوە.



ئەمڕۆ شەممە 16/12/2017، چەند ماڵپەڕێک دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە دۆخی تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسول عەلی ناجێگیرە و بەرەو خراپبوون دەچێت و پێویستی بەوە هەیە نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ ئەنجام بدرێت.



لە بەرامبەردا بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نزیک لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ڕاگەیاند: ئەو ھەواڵانەی لەسەر خراپیی باری تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسوڵ بڵاو کراونەتەوە، دوورن لە ڕاستییەوە، چونکە باری تەندرووستیی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی جێگیرە و زۆر باشە“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو کەسانە گفتوگۆی کردووە کە یاوەریی کۆسرەت ڕەسوڵ دەکەن و ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە باری تەندرووستییەکەی بەرەو باشبوون دەچێت.



ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو 14/12/2017، نەشتەرگەرییەکی دیکە لە ئەڵمانیا بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ ئەنجام دراوە و ”سەرکەوتووش بووە".



لەبارەی گەڕانەوەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بۆ هەرێمی کوردستان، بەرپرسەکە ئەوەی ڕوون کردەوە کە زانیاری لەمبارەیەوە نییە و بڕیاری گەڕاندنەوەکەی پەیوەندی بە لایەنی پزیشکییەوە هەیە.


باسنیوز
Top