کادیرێکی دیاری یەکێتی: لەم کاتەدا کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت تەنیا موزایەدەی سیاسییە

 کادیرێکی دیاری یەکێتی: لەم کاتەدا کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت تەنیا موزایەدەی سیاسییە
بزووتنەوەی گۆڕان بڕیار وابوو ئەمڕۆ شەممە لەسەر کشانەوەی لە حکوومەت کۆ ببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان دوا خراوە و حزبە سیاسییەکانی کوردستانیش پێیان وایە کە ئەوەی گۆڕان دەیکات، موزایەدەی سیاسییە.



دوای کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی گۆڕان بڕیار وابوو، ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٧/١٢/١٦ جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کۆ ببێتەوە و بڕیار لەسەر کشانەوەی گۆڕان بدات لە حکوومەت، ئەندامێکی گۆڕان لە جڤاتی گشتی بۆ (باسنیوز) نەیوست ناوی بھێندرێت و گوتی: "لەبەر ئەوەی حزبەکانی پێشوازیان لە کشانەوە نەکرد و گۆڕان خۆی بڕیاری دا کۆبوونەوەکە دوا بخرێت، چونکە دەیانەوێت بە کۆدەنگییەوە بکشێینەوە".





ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی: "کشانەوەی گۆڕان ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، لە کاتێکدا ئەم چوار ساڵە بۆ نەکشانەوە کە دۆخی حکوومەت لەوپەری خراپیدا بوو؟ ئەگەر پێشتر بکشایەتەوە باشتر نەبوو لەوەی ئێستا چەند مانگێکی ماوە بۆ ھەڵبژاردن؟ بۆیە ئەوەی دەکرێت تەنیا موزایەدەی سیاسییە و ھیچی دیکە جگە لەوەش خەڵکی کوردستان ھۆشیارە و ناکەوێتە ژێرباری ئەو قسە و قسەڵۆک و دروشمە سیاسییەنەوە و ئەوەی دەکرێت کۆکردنەوەی دەنگە، ئەگەرنا دەبوو گۆڕان و حزبەکانی دیکە قۆڵی لێ ھەڵماڵن و لەناو حکوومەت چاکسازی بکرێت، نەک ئەوەی ئیستا دەیکات".



عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گۆڕان کە زانی ناتوانێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک و ھێزە سیاسییەکان، بە گاڵتەیەکی سیاسی کشانەوەکەیان وەسف کرد و دواجار خۆی لەو ھێڵە دەدزێتەوە و ناشیەوێت دووبارە باسی بکاتەوە، چونکە بە ڕاستی ئەوەی گۆڕان دەیکات، دوو شتە یەکەم نەیانتوانی ئەو بەڵینانەیان لە حکوومەت ببەنە سەر، دووەم پێیان نەکرا بەم سیاسەتەی ئێستاوە بەردەوامی بەکاری خۆیان بدەن، بۆیە دەیانەوێت بە کشانەوەیان، ئەو شکستە بشارنەوە کە بەدەستیان ھێناوە و ناشیانەوێت بەم شێوە بچنە ھەڵبژاردنەوە، چونکە دەنگیان لەدەست دەدەن و کشانەوەشیان تاکتیکە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکان دەنگ بھێنن".



ئەو ئەندام سەرکردایەتییەت پارتی گوتیشی: "شتێک ھەیە لەکاری سیاسیدا ئەویش پابەندبوونە بە ڕێککەوتن و بنەمای ڕێککەوتن، گۆڕان چونکە ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی ھەبووە و لەگەڵ پارتیش لەسەر پێکھێنانی حکوومەت رێک کەوتوون، ئێستا لە ھەردووکیان پاشەکشەی کردووە و توانای پابەندی نییە، بۆیە دەیەوێت بەم شتانە خۆی لە بەرپرسیاریەتی بدزێتەوە".



ھاوکات سەلام کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان گوتی: ئەم حکومەتە و ھەر پێنج حزبەکەی کوردستان بەرپرسیارن بەرامبەر بە دۆخی کوردستان و کشانەوە لە ئێستادا یاخود ڕەخنەگرتن لە حکومەت تەنھا موزایەدەیە و ھیچی تر ئەگینا ھەر حزبێک لەو پێنج حزبە ھەر حاڵەتێک بنوێنێ تەنھا خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە".



باسنيوز
Top