عەبادی دژایەتیی کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، باس لەوە دەکات کە سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان دواپەیامیان بە عەبادی داوە کە ناکرێت دەستی دەستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانەوە بکات، چونکە غرووری عەبادی ئاراستەی گفتوگۆکانی گۆڕیوە.
فاتیح رەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، گوتی: بۆچوونێک ھەبوو کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سەردانی مەرجەعیەتی باڵای شیعە بکات، بەتایبەت عەلی سیستانی، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ نیشان نەداوە، دەبوو دانوستان دەستی پێبکردبایە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕاشی گەیاند: "تا گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا نەکرێت، ئاسان نییە کۆبوونەوە لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵای شیعە بکرێت، چونکە مەرجەعیەت چەندین جار لێدوانی داوە، بەڵام عێراق بە گوتاری مەرجەعیەتیشەوە پابەند نەبووە، لەم کاتەدا ئەگەر شاندی باڵا بچێتە لای سیستانیش ئاکامی نابێت، چونکە کاریگەریی لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق نییە، بۆیە ئومێد دەکەین بەغدا بە بڕیاری سیاسیی خۆیدا چاو بخشێنێت".
فاتیح رەئوف، لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد: "عەبادی غرووری سیاسی گرتوویەتی و ھەرکەسێکیش لە شوێنی عەبای بووایە، ھەر وا دەبوو، چونکە چوار مانگی دیکە ھەڵبژاردنی عێراقە، بە تێڕوانینی ئێمە ھەر لایەنی عەرەب دژایەتیی زیاتری کورد بکات، دەنگی زیاتر دەھێنێت و ئەوەش وادەکات دەنگی زیاتر بھێنێت و پێگەی خۆی زیاتر بکات، بۆیە پێم وا نییە بەو ئاسانییە عەبادی بێتە سەرخەت بۆ گفتوگۆ".
ئەو سەرکردەیەی حزبی سۆسیالیست، ئەوەشی خستە ڕوو: "دەنگۆیەک ھەیە کە گوایە ڕێگری لە حزبە کوردستانییەکان دەکرێت کە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەن و ئەگەر ئەمە بکرێت، ھەنگاوی سەربەخۆیی کوردستان نزیک دەبێتەوە کە پێموا نییە بەغدا دەست بۆ ئەمە ببات".
باسنيوز
