بەرپرسێکی پارتی: گرووپەی 16ی ئۆکتۆبەر دەیانەوێ هەموو یەکێتی لە خیانەتەکەیان بگلێنن

 بەرپرسێکی پارتی: گرووپەی 16ی ئۆکتۆبەر دەیانەوێ هەموو یەکێتی لە خیانەتەکەیان بگلێنن
بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر، هەوڵ دەدەن هەموو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خیانەتەکەیان بگلێنن.



د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی، ڕاگەیاند: ئێستا گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە بەشێک لە میدیاکانەوە دەردەکەون و ھەوڵی نەزۆکانە دەدەن لەسەر ئەو خیانەتەی لە کەرکووک کردیان، ھەروەھا دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک، بەڵام خودی کادیرەکانی یەکێتیش لە کەرکووکی باوەڕیان بەو ھەوڵە نەزۆکانە نییە، چونکە ئیستا بە بەرچاوینەوە دانیشتووانی کەرکووک لەژێر چەپۆک و فشاری میلیشیای حەشدی شەعبیدان".



ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەدەست دانی پۆستەکانی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا کە بەدەست کوردەوە بوون و ئێستا کەوتووەتە دەستی عەرەب، ھەروەھا نەمانی پێشمەرگە بۆ پاراستی کەرکووک و دانیشتووانەکەی، لە ئەستۆی ئەو گرووپە خیانەتکارەیە کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا خیانەتیان بەرامبەر بە کەرکووک و میللەتی کورد کرد.



محەمەد خورشید وەڵامی قسەکانی لاهور جەنگی دایەوە کە پارتی بەوە تۆمەتبار کردبوو، لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئۆباڵی خیانەتیان دەداتە پاڵ. لەمبارەیەشەوە گوتی: ”کۆسرەت ڕەسوڵ کە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییە، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری بە کاڵفام ناو بردووە، بۆیە ئەو کاڵفامانە بە خەیاڵی خۆیان دەیانەوێت ھەموو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕابکێشن بۆ ناو خیانەتەکەیان و لەو ڕێگەیەشەوە دژایەتیی یەکێتی بۆ پارتی دروست بکەن، پێان وایە بەوەش دەتوانن لە ناو یەکێتیدا یەکگرتوو بن، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و پارتی و ئەوانەی لە کەرکووک بوون، دەزانن و گووتویانە کە گرووپێکی ناو یەکێتی نەک ھەموو یەکێتی، خیانەتیان کردووە“.



باسنيوز
Top