نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنگێڵا مێرکڵ کۆ دەبێتەوە
جۆرج شترەیتەر، جێگری گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هەواڵی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە رۆژی دووشەممە 18/12/2017 بۆ ئەڵمانیا، راگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەیدا، لەگەڵ ئەنگێڵا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆ دەبێتەوە.
ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دەرەوەی کوردستان، دووەم سەردانی فەرمیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای ئەنجامدانی ریفرندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و سەپاندنی گەمارۆ لەلایەن عێراقەوە بەسەر کوردستاندا.
رۆژی پێنجشەممە 14/12/2017، (باسنیوز) لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردەوە، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەڵمانیا.
سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگای دانوستاندن.
رۆژی 2/12/2017، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا)، لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، گەلی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە ریفراندۆمێکدا، و زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا. دوای ریفراندۆم، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر کوردستاندا سەپاند، داخستنی فڕۆکەخانەکان و هەوڵیشی دا کیانی کوردستان بە تەواوی لەناو ببات، بەڵام قارەمانێتیی پێشمەرگە هێرشەکانی سوپا و میلیشیا عێراقییەکانی تووشی شکست کرد.
باسنيوز
