به‌شێك له‌ كاسبكارانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌گرن

به‌شێك له‌ كاسبكارانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌گرن



دەستگێڕ و عارەبانەچیەکانی شاری سلێمانی، ڕەخنە له‌ ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەگرن و پێیان وایه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات.



ماوەی چەند مانگێکە دەستگێڕ و عارەبانەچییەکانی شاری سلێمانی لەلایەن شاروانی سلێمانییەوە ڕێگری کارکردنیان لێ دەکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان دەستگێڕ و عارەبانەچیەکان و کارمەندانی شارەوانی بەھاوبەشی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان عارەبانەی ژمارەیەک کاسبکاریان تێکشاند.


ژمارەیەک دەستگێڕ و عارەبانەچی كه‌ ڕۆژانه‌ له‌نزیك مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، سه‌رقاڵی كاسبیین رەخنەی توند ئاڕاستەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری نوێی سلێمانی دەکەن و دەڵێن، پێشتر ھەڤاڵ ئەبوبەکر"چەند بەڵێنێکی باق و بریقی بە عارەبانەچیەکانی ئەم شوێنە داوە، بەڵام ئەوە نزیکەی ساڵێکە شارەوانی سلێمانی عارەبانەی ئەم خەڵکە ھەژارە دەشکێنێ و ڕێگری لە کارکردنی خەڵکی چەوساوەدەکات، بەڵام ھەڤاڵ ئەبوبەکر، ھیچ ھەڵوێستێکی نییە و ئامادەنییە ئاووڕ لە چینی ھەژار بداتەوە".



ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر شارەوانی سلێمانی دڵسۆزی ئه‌وان بووه‌ چونکە لە کاتژمێر(2)ی پاشنیوەڕۆوە ڕێگەیەیان بە کارکردنیان ده‌درا بەڵام ھەر ئەوکاتە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، چووه‌ته‌ لای ئه‌و كاسبكارانه‌ و پێیگوتوون " ئێوە زوڵمتان لێ دەکرێ و پشت بەخوا گۆڕان قەرەبووی ئێوە دەکاتەوە" بەڵام به‌پێی گوته‌ی ئه‌و كاسبكارانه‌ لەوکاتەوەی كه‌ ھەڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دواتریش پۆستی پارێزگاری وەرگرتووە، ئامادەنییە ھاوکاری دەستگێڕ و عارەبانەچیەکان بکات.


چۆمان ھەردی، یەکێکە لە سەوزەفرۆشەکانی شاری سلێمانی، ئەو ڕاگەیاند: "داواکاری ئێمە لە ھەڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئەوەیە تەنیا ڕۆژی دوو کاتژمێر مۆڵەتی کارکردن بەئێمە بدات، چونکە لەم دۆخەی ئێستادا ناکرێ خەڵکی برسی بکرێت".



گوتیشی: " متمانەمان بەھیچ بەرپرسێک نەماوە، بەرپرسەکان کاتێک پۆستێک وەردەگرن، ھیچ جیاوازیەکیان نابێت پێشتریش ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پشتگیری لە مافی ئێمەی ھەژار دەکرد ھەروەھا چەند بەڵێنێکی بەم خەڵکە داماوە داوە، بەڵام بەڵێنەکانی ئەویش بێبنه‌ما ده‌رچوون".



سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی دەستگێڕو عارەبانەچیەکان چەند جارێک پەیوەنی بە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوو وەڵامی پەیوەندییەکان بداتەوە.
bas news-
Top