350 پارچە شوێنەواری ڕاپەڕین بێ مۆزەخانەن

 350 پارچە شوێنەواری ڕاپەڕین بێ مۆزەخانەن
تا ئێستە لە سنوورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕیندا 350 پارچە شوێنەواری و چەندین ناوچەی شوێنەواری هەن، بەڵام هێشتا مۆزەخانەی تێدا نەكراوەتەوە، بەم هۆیەوە ئیدارەی راپەڕین داواى چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌ شوێنه‌وارییه‌كان و كردنەوەی مۆزەخانەیەك دەكات.


به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاند له‌ سنوورى ئیدارەى ڕاپه‌ڕین كۆمه‌ڵێك گرفتیان له‌ بوارى شوێنه‌واردا هه‌یه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفتانه‌یان پێداون.


به‌رزان بایز به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى ڕاپه‌ڕین له‌ لێدوانێكیدا ڕاگه‌یاند ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك پێش ئێستە، به‌ مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى پارچه‌ شوێنه‌واره‌كانى سنووره‌كه‌مان، ده‌ستمان كرد به‌ ئاماده‌كردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بینایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى مۆزه‌خانه‌ى ڕاپه‌ڕینى تێدا دابمه‌زرێنین، به‌ڵام به‌هۆى كه‌مى بودجه‌كه‌وه‌ كاره‌كه‌مان وه‌ستا و تا ئێستە نه‌مانتوانیوه‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌.


گوتیشى هاوكات چه‌ند شوێن و بینایه‌كى كۆن له‌ شارى ڕانیه‌ كه‌ بۆ خزمه‌تى شوێنه‌وار ده‌گونجێن له‌ سنووره‌كه‌ هه‌ن، بۆیه‌ داوامان كردووه‌ كه‌ بكرێنه‌ موڵكى شوێنه‌وار به‌ تایبه‌ت بیناى سه‌راى ڕانیه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ڵێنمان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان وه‌رگرتووه‌.


به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى ڕاپه‌ڕین هێماى بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌یان گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و ئه‌وانیش به‌ڵێنى به‌دواچوون و دابینكردنى بودجه‌ى چاره‌سه‌ركردنیان پێداوین، هاوكات به‌ڵێنى ئه‌وه‌شیان پێداون كه‌ له‌مه‌ودا زیاتر هه‌وڵ بده‌ن له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى هه‌وڵى ناساندنى ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كانى سنووره‌كه‌ بده‌ن.


له‌ سنوورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین تا ئێستە نزیكه‌ى (350) ناوچه‌ى شوێنه‌وارى تۆمار كراون، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى مۆزه‌خانه‌وه‌، پارچه‌ شوێنه‌واره‌ دۆزراوه‌كان له‌ مۆزه‌خانه‌ى شاره‌كانى دیكه‌ ده‌پارێزرێن.
bas news-
Top