ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی ھەڵدەوەشێتەوە

 ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی ھەڵدەوەشێتەوە
وابڕیاره‌ سبەی شەممە(16-12-2017) جڤاتنی نشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت بدات، لە کۆبوونەوەکەی سبەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەفەرمی باس لە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتیی دەکرێت.

عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند: " کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئه‌رێنیە".

گوتیشی: "پێویستە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتماندا بڕیاری هەڵپەساردن و سڕکردنی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بدات، تا ئەوکاتەی لای سەرکردایەتی و خاوەن بڕیارەکانی یەکێتیی، ئیرادە و بڕیاری جدیی دروست دەبێت بۆ جێبەجێکردنی. ئاماژەی بەوەشدا، سڕکردنی ڕێککەوتنەکە بەمانای کۆتایی هێنان نییە بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ مانەوەی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستا و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش.

پێشتر خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، بە باشیزانی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا واژۆ بکات، دواجار بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی لە دەباشان ڕێککەوتنەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا نەوشیروان مستەفا بەسەرکردەکانی یەکێتی گوت، (گرنگ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە نییە، گرنگ ئەوەیە بڕگە و بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت) بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ بڕگەیەکی ناو ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە بەباشی دەزانین ئەو ڕێککەوتننامەیە بەفەرمی ھەڵبوەشێتەوە".

گوتیشی: "یەکێتیی بەرامبەر بەو ڕێککەووتننامەیە، ”ڕاستگۆ نەبووە“ چونکە، ”ھەندێک سەرکردەی یەکێتی ئەو ڕێککەوتنەیان بە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانی، بۆیە دوای چەند مانگێک، ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی بەرچاو سست و لاوازی بەخۆیەوە بینی“.










باسنيوز
Top