بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ڕه‌خنه‌ی توندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

 بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ڕه‌خنه‌ی توندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
په‌رله‌مانتارێكی كوردی په‌رله‌مانی عێراق له‌به‌رامبه‌ر بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌بڕێت و داوا ده‌كات كه‌مپینێك بۆ پشتگیری له‌ پێشمه‌رگه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گرتووه‌ و نووسینێكی له‌ژێر ناونیشانی"باهەموومان کەمپینی پشتگیری پێشمەرگە راگەیەنیین" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ نووسیویه‌تی"ماوەی چەند رۆژێکە گوێمان لەوە دەبێت کە مووچەی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکان کەم دەکرێتەوە بە بیانووی ئەوەی حکوومەتی عێراق دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر %60ی کێلگە نەوتییەکانی کوردستانی داگیر کردوە و بەوەش هەرێم تووشی قەیرانێکی گەورە هاتووە ، لێرەوە پێشنیار بۆ حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکەم لە جیاتی ئەوەی مووچەی پێشمەرگەی فعلی کەم بکەنەوە برۆن هی ئەو هەزاران پێشمەرگە بن دیوارانە ببڕن کە تەنیا رۆژی مووچە دەردەکەون و مووچەکانیان دەکەنە نیوە لەگەڵ بەرپرسەکانیان".

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا داوا ده‌كات "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچەی ئەو بەرپرسانە ببڕێ کە لەپێش چاوی دنیا سووکایەتیان بە پێشمەرگە کردووه‌ و گوتیان پێشمەرگە شەڕ ناکات تەنیا خەریکی سێڵفی گرتنن".

ده‌شڵێ: "برۆن مووچە ئەو پێشمەرگانە ببڕن کە بەکاردەهێنرێن بۆ پاسەوانی ڤێلاو مەزرەعەکان ، بچن مووچەی ئەو پێشمەرگانە ببڕن کە تەنیا بۆ پاسەوانیکردن و دەربازکردنی تانکەرە نەوتەکان دامەزراون ، بچن ئەو هەزاران پێشمەرگە ببڕن کە بەناوی فەوجی پاسەوانی دامەزراون و نیوەیان هەر دیار نین ، بچن مووچەی ئەوانە ببڕن کە بەپێشمەرگەیان دەوت ملیشیا و بەئاسایشیان دەوت مرتەزەقە".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ڕه‌خنه‌گرتن به‌رده‌وام ده‌بێت و نووسیویه‌تی"بچن مووچەی ئەو هەموو داواکاری گشتییە ببڕن کە تا ئێستا فایلی خیانەتەکەی 16 ی ئۆکتۆبەریان نەبردووەتە بەردەم دادگا ، بچن مووچەی ئەوانە ببڕن کە دوێنێ لەدەڤەری ڕاپەرین بەبێ شەرمانە لەبەردەم کەسوکاری شەهیدان گوتاری شەری ناوخۆ و دووبەرەکیان دەوتەوە".









باسنيوز
Top