ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین: پرۆسەی بەعەرەبكردن گەییشتووەتە ناوشار

 	 ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین: پرۆسەی بەعەرەبكردن گەییشتووەتە ناوشار
ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین دەڵێ، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا پرۆسەی بەعەرەبكردن لە سنووری شارۆچكەی خانەقین لە گوندەكانەوە دەستی پێ كرد، لە ئێستادا پرۆسەكە گەییشتووەتە ناو خانەقین و، ئەوەی فەرمانبەری كوردە لە پۆستەكەی لایدەدەن و دەیانگوازنەوە بۆ شارەكانی ھەرێمی كوردستان.

(رەفعەت موراد ئاغا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنووری شارۆچكەی خانەقین، جارێكی دیكە پرۆسەی بەعەرەبكردن دەستی پێ كردەوە و خەڵكێكی زۆری عەرەب ھاتوونەتەوە بۆ ناوچەكە ئەوانەی پێشتر قەرەبوو كرابوونەوە و زەوییەكانیش بۆ كوردەكان گەڕێندرابوونەوە، ئێستایش لە گوندەكان ئەو زەویانەیان لێ وەردەگرنەوە و داگیریان دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەستەڵاتدارن".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین گوتیشی، "دوێنێ عەرەبەكان چوونەتە سەر گوندێكی ھەمەوەندییەكان و ھەڕەشەیان لێ كردوونە و زەوییەكانیان بە زۆر لێ داگیر كردوون، ئەوانیش ناچارن دەستبەرداریان بن، بۆیە خەڵكێكی زۆری عەرەب گەڕاونەتەوە و بەشێكیشی چاوەڕێی ئەوە دەكەن منداڵەكانیان وەرزی یەكەمی خوێندن تەواو بكەن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە".

(موراد ئاغا) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "دوای ئەوەی بەعەرەبكردنەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە دەرەوەی خانەقین دەستی پێ كرد، ئێستا لە ناوشار دەستی پێ كردووە و سەرەتایش لە دامودەزگا حكوومیەكان دەستی پێ كراوە و نزیكەی ٢٠كەس لە دادگای خانەقین كە كورد بوون، لە كار لاداون و داوایان كردووە خۆیان بگوازنەوە بۆ كەلار و نابێت لێرە دەوام بكەن، بۆیە بەعەرەبكردن بە شێوەیەكی زۆر زەق دەستی پێ كردووە".


kdp-
Top