پەرلەمانتارێک: حکوومەت پابەندە بە پێدانی مووچە بەفەرمانبەران
مونا قەھوەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ چوارشەممە 13/12/2017ی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکە ئەوە رەتکرایەوە کە گوایە مووچە نەماوە، دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھۆکاری دواکەوتنی مووچەش ئەوەیە کە ھێزە ئەمنییەکان لیستی مووچەیان تەواونەکردووە رەنگە لە ٪٣٠ مووچەی پلە تایبەتەکان ببڕدرێت، بەڵام ئەم بڕانە پێشمەرگە ناگرێتەوە حکوومەت خۆشی ئەوە باش دەزانێت کە مووچەی پێشمەرگە کەمە".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە لە کۆبوونەوەکە باسی ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام دیارە بەغدا ھیچ وەڵامی نەبووە، دواتر باسی مووچە کرا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و ئەولەویەتی حکوومەت مووچە دەبێت.
باسنیوز
