ئەفسەرێکی پێشمەرگەی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/12/2017، ئەفسەرێکی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، بە ناوی شێردڵ حەمید کاکەوەیس کە خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، کۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا.
لەمبارەیەوە محەمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "لە ناوچەی (حەسار) ئەو ئەفسەرە بە گوللە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە، بەڵام ھۆکاری خۆکوشتنەکە ڕوون نییە". ڕوونیشی کردەوە کە ئەفسەرەکە لە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ئەرکی هەبووە و کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بووە.
هەر لەبارەی ھۆکاری خۆکوشتنەکەی، راگەیاندنەکانی سلێمانی لە زاری ڕاگەیاندنی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتییەوە ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بەهۆی ئەو دۆخەی لە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر کەرکووک هێندراوە، هەروەها لەبەر خراپیی دۆخی ئابووری، ئەفسەرەکە خۆی کوشتووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
