ڕاوێژکارێکی باڵای قاسم سولەیمانی لە شارۆچکەی خورماتووە

ڕاوێژکارێکی باڵای قاسم سولەیمانی لە شارۆچکەی خورماتووە
ڕاوێژکارێکی باڵای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران، ئێستا لە خورماتووە.

ئاغای ئیقبالی، ڕاوێژکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بە فەرمی سەردانی خورماتووی کرد و لە گەڵ بەرپرسانی میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو کۆبووەوە.

پێشتر لە سەر فەرمانی قاسم سولەیمانی، ئاغای ئیقبالی سەرپەرشتی داگیرکردنی خورماتووی کردووە لە 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو.

پێشتر ئاغای ئیقبالی چەندین جار دوور لە چاوی کامێراکان سەردانی خورماتووی کردووە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی ناوچەکە کۆبوونەتەوە.

لە نوێترین دەرکەوتنیدا ئیقبالی لەگەڵ ڕەزا کەوسەر، سەرکردە لە حەشدی شەعبی لە میحوەری باکوور لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی میلشیاکان کۆبوونەتەوە.

ڕەزا کەوسەر، سەرۆکی لێژنەی ئەمنییە لە ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو و یەکێکە لەو بەرپرسە تورکمانە شیعانەی نێو حەشدی شەعبییە، کە دەستیان بەو تاوانانەی کە لە دژی کوردانی خورماتوو کراوە، سوورە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەت کار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".












باسنیوز
Top