ئاسایشی خورماتوو: حەشدی شەعبی لە هەندێ شوێن بەنیازی کردنەوەی مۆڵگەن
عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو زانییاریانەی پێمان گەیشتوون، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەرنامەیان دایە لە هەندێك ناوچەی سنووریی خورماتوو مۆڵگە لێ بدەن، هەروەها دەیانەوێت پێش هەر جووڵەیەكی سەربازی بۆ ئەو ناوچانە، پشكنین بۆ گوندەكانی سنوورەكە بكەن و لەبەر ئەوەشە تا ئێستا هێزەكانیان نەگەیشتووەتە ئەو ناوچانە".
بەرپرسی ئاسایشی خورماتوو ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا چەكدارانی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی (سدیق) و دەوروبەری دان".
عەقید كاوە جەختیش دەكاتەوە: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكانی خورماتوو بەردەوامن و شەوی ڕابردووش ماڵی هاووڵاتییەكی دیكەی كورد كە ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بووە، لەلایەن ئەوانەوە تەقێندراوەتەوە".
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، حزبووڵای لوبنان، فەیلەقی قودسی سەربە پاسدارانی ئێران)، بەڕێككەوتن لەگەڵ باڵێكی یەكێتی كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان داگیر كرد، بەو هۆیەشەوە دەیان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون و هەزاران ماڵیش ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بوون.
باسنیوز
