بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

 بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار دەنگۆی پیسبوونی ئاوی شارەکە ڕەت دەکاتەوەو باس لەوە دەکات، کە ئەو ئاوەی دابەشی دەکەن، رۆژانە 16 جار تێستی بۆ دەکرێت.

لە ڕوونکردنەوەکەی بەرێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار، ھاتووە: "ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن چەند ھاووڵاتییەکەوە، لەگەڕەکە جیاجیاکانی شاری کەلارەوە ئاگادار دەکرێینەوە، کە کومپانیایەک پەیوەندی پێوە کردوون بۆتێستی ئاو و تێستی بۆ کردوون، ئەو بابەتەش دڵەراوکێ و گومانیان لای ھاووڵاتییان دروست کردووە".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش ھاتووە، کە وەک بەڕێوبەرایەتیی ئاوی کەلار ئاگاداری ھاووڵاتییان دەکەنەوە، کە ئەو تێستانەی دەکرێن، پەیوەندیی بە پاک و پیسی ئاوەوە نییە، تەنیا شیتەڵێکی کارەبایە بۆ سووتاندنی پێکھاتەکانی ئاو، واتە گۆڕانکاری لە پێکھاتەی کیمیایی ئاو".

بەرێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار، دانیشتوانی شارەکە دڵنیا دەکەنەوە لە تەندروستبوونی ئەو ئاوەی بەسەریاندا دابەش دەکرێت، "چونکە ڕۆژانە زیاتر لە 16 تێستی جۆراوجۆر بۆ ئەو ئاوە ئەنجام دەدرێت، کە بەسەر ھاووڵاتییان دابەش دەکرێت".










باسنیوز
Top