نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەکات
بەپێی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بکات.
لەمبارەیەوە ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی گەشتی ھەیە و سەردانی ئەڵمانیاش لە چوارچێوەی ئەو بانگێشت نامانەیە کە ئاراستەی کراوە، ”ئەجێندای سەردانەکەش ئەوەیە کە وڵاتان پشتیوانی لە قەوارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و فشار لەسەر بەغدا بۆ گفتوگۆکردن دەخەنە سەر بەغدا“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر خەتە، سەرۆکی فەرەنسا داوای لەسەرۆکی ئەمەریکا و بەریتانیا کردووە کە بەغدا ناچار بکەن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور. گوتیشی: "ئەمەش گەرەنتییە بۆ ئەوەی بەغدا ناچار بکرێت بۆ گفتوگۆ و جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستوور".
ئاشکراشی کرد، کە بانگهێشتنامەکان بە سەرۆکی حکوومەت دراوە، بەڵام کاتی سەردانەکان دیار نییە، ئەوەش بەھۆی سەرقاڵیی حکوومەت و کاروباری ناوخۆی کوردستان.
پێشتر (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
باسنیوز
