کۆنگرێسی ئەمریکا سامان و دارایی بەرپرسانی باڵای ئێران ئاشکرا دەکات

 کۆنگرێسی ئەمریکا سامان و دارایی بەرپرسانی باڵای ئێران ئاشکرا دەکات
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کۆنگرێسی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە پرۆژەیەکی پەسەند کرد کە دەبێ وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەبێ لیستەی دارایی بەرپرسانی باڵای ئێران و بەتایبەت خامنەیی ئاشکرا بکات.



ئاژانسی (ئەسوشیەیتێدپرێس) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو پرۆژەیە یاسایە بە 289 دەنگی ئەرێ و 135 دەنگی دژبەر لە کۆنگرێس پەسەند کراوە. ئەم پرۆژەیە بۆ جێبەجێکردن و بوون بە یاسا، دەبێ لە "سینا"ی ئەمریکاش پەسەند و پاشان سەرکۆماریش واژۆی لەسەر بکات.



بروس پۆلیکین، نوێنەری کۆماریخواز لە ویلایەتی ماین، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو پرۆژەیە گوتوویەتی: "نزیکەی 70 بەرپرسی باڵای ئێرانی سامان و داراییەکی زۆریان بەدەست هێناوە، ئەوان لەو سامان و داهاتە گشتییەی هاووڵاتیان ئێران، یارمەتیی گرووپە تیرۆریستی دەدەن و کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێمەن".



لە درێژەدا ڕاشی گەیاندووە: "مافی هاووڵاتیانی ئێران و هەموو خەڵکی سەرتاسەری دنیایە کە بزانن پشتیوانانی تیرۆر چەندە سامان و داراییان بەدەست هێناوە و چۆن خەرجی دەکەن".



ئەو کۆنگرێسمانە لە ەبشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئیران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم و ناکرێ متمانەی پێ بکرێت، بۆیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئەمریکا گرنگە ئەو سامان و داراییە شاراوانە بخرێنە ڕوو".



ئەمە بۆ دووەمین جارە ئەم پرۆژەیە لە کۆنگرێسی ئەمریکا پەسەند دەکرێت. ساڵی 2016 ئەم پرۆژەیە بە 280 دەنگی ئەرێ پەسەند کرا، بەڵام ئۆباما سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی ڤێتۆ، پیشی بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە گرت.




باسنیوز
Top