پارێزەرێک لە وەڵامی لاهور جەنگی: پاڤڵ تاڵەبانی بەڵگەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نیشانی خەڵک داوە

پارێزەرێک لە وەڵامی لاهور جەنگی: پاڤڵ تاڵەبانی بەڵگەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نیشانی خەڵک داوە
راوێژکارێکی یاسایی ڕەخنە لەوە دەگرێت کە چەند کەسێک لەوانەی لەنێو گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا ناویان دەهێندرێت، تۆمەتبارکردنەکەیان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی دیکە و ئاشکرای دەکات کە پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی مام جەلال، بەڵگەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نیشانی خەڵک داوە.



پاش ئەوەی لاهور جەنگی لە بەردەم کەسوکاری شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشێکی توندی کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڕەشەی ئاشکراکردنی بەڵگەی کرد و پارتی بەوە تۆمەتبار کرد کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری دەخاتە پاڵ.



ھیوا سەلیم، پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی، ڕاگەیاند: "ئەو بەڵگانە بە دوو شێوە دەکرێ لە داواکاری گشتی بیخەنە ڕوو، یەکەم بەڵگەی ڤیدیۆیی و دووەم بەڵگەی دەستنووس وەک رێککەوتن، بەڵام گرفت لێرە ئەوەیە کە بەڵگە ھەیە لەسەر ئەو ڕووداوە، جارێک باس لە رێککەوتن دەکرێت کە پاڤڵ تاڵەبانی خۆی ڕێککەوتنەکەی لەسەر تەلەڤزیۆن خستووەتە ڕوو. هەروەها جارێک باس لە کشانەوە دەکرێت کە فەرماندەی یەکەی حەفتای پێشمەرگە باسی کردووە، جارێک باس لە تاکتیک دەکرێت کە ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری یەکێتی باسی کردووە، جارێکیش باس لە تاکتیکی سەربازی دەکرێت کە کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی باسی کردووە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەم لێدوانە دژ بەیەکانە گومان لەسەر کەیسەکە زیاتر دەکەن، چونکە سەرجەم لێدوانەکان بە ئاراستەی داپۆشینی کەیسەکەن، خۆ ئەگەر لە دەرەوەی ئەوانەش بەڵگە ھەبێت، پێویست بە داواکاری گشتی ناکات، دەبوو هەر ئەو کات خۆیان بیان خستایەتە ڕوو، ھەر کاتێکیش لێژنەی یاسایی لەسەر دروست بکرێت، ئەو کاتە دەیان گوت بەڵگەکانمان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە".



ئەو پارێزەرە باسی هەڵوێستەکەی ئاراس جەنگی بۆ چوونە پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت: ”ئاراس جەنگی کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتییە، باشە کادیری پێشکەوتووی حزبێک چۆن دەتوانێت بچێتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە بدات؟ پەرلەمان لە ئاستی وەزیر لێپرسینەوە دەکات، ئەگەر زۆر زۆر پێویست بوو لێژنەیەکی یاسایی دروست دەکرێت لە دەرەوی دانیشتنی پەرلەمان، بریکاری وەزیر لە جێگەی وەزیر دەتوانێت وەڵام بداتەوە، ئەگینا پەرلەمان دانانیشێت بەدیار کادیری حزبێکەوە کە خۆی فەرمانی کردووە بە کشانەوەی ھێز و لەدەستدانی خاکی کوردستان".



هەر لەمبارەیەوە محەمەد عەلی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باسنیوز)ی ڕوون کردەوە کە لە دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی پارتی، لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەبارەی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پێکهێندراوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.






باسنيوز
Top