کەمال کەرکووکی بۆ مەحموود سەنگاوی: بۆ شاردنەوەی خیانەت پێویست بە تێکەڵکردنی وەرەقەکان ناکات
مەحموود سەنگاوی لە وتەیەکیدا ڕەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گرت، بەوەی باسی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات و گرووپێکی نێو یەکێتی بەو هۆیەوە تۆمەتبار دەکات.
لە بەرامبەردا کەمال کەرکووکی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”پێش هەر شتێک، نەمان گوتووە یەکێتی لە 16ی ئوکتۆبەر خیانەتی کردووە، گوتوومانە گرووپێک لەنێو یەکێتی لە 16ی ئوکتۆبەر خیانەتیان کردووە. ئەمە حەقیقەتە، بەڵێ ئەو باڵە ژمارە کەسانێکن و باش ناسراون، لەناو یەکێتی لە 16ی ئۆکتۆبەر خیانەتیان کرد“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو گرووپە لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزی وڵاتانی دەرەکی ڕێک کەوتبوون و پلانیان دانابوو و لە 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا پیلانەکەیان جێبەجێ کرد و چاوساغییان بۆ حەشدی شەعبی و سوپا و هێزە دەرەکییەکان کرد.
کەمال کەرکووکی دووپاتی کردەوە: ”خیانەتەکەیان ئەوەندە تاوانێکی گەورە و زیان بەخش بوو کە هەرگیز ناشاردرێتەوە و لەبیریش ناکرێت، تاوان بوو دژ بە پێشمەرگە و پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان تێیدا شەهید بوون. بووە هۆی ئەوەی سەدان هاووڵاتیی دڵسۆزی کوردستان شەهید و بریندار بن و ماڵەکانیان بسووتێنرێت و دەستدرێژی بکرێتە سەر ژمارەیەک کەس لەبەردەم کەسوکارەکەیان. ئەرکی هەموو دڵسۆزێکە باسی ئەو خیانەتە بکات“.
کەمال کەرکووکی لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی یەکێتییەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ھەم یەکێتی و ھەم یەکەی 70ی پێشمەرگە جێگەی ڕێزن. بۆیە داوا لە مەحموود سەنگاوی دەکات: ”پێویست بە تێکەڵکردنی ئەوراق ناکات بۆ شاردنەوەی خیانەتکاران. کە جەنابت دەڵێی ئەی ئەوانە بۆ کوژران، ئەگەر ئێمە خیانەتمان کرد؟ نە وتراوە ئێوە خیانەتتان کردووە“.
پرسیاری ئەوەش لە مەحموود سەنگاوی دەکات: ”کێ بوون ئەوانەی لەگەڵ داگیرکار ڕێک کەوتن بۆ دەسەڵات و ماڵی دنیا و ئەو دەبابە و ھێزانەیان ھێنا و بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگەکان سەربەرزانە لاشەکانیان پارچە پارجە بێ و دەبابە بەسەریاندا تێپەڕێ و شەهید ببن؟ هەر بەهۆی خیانەتی ئەو گرووپە تاوانکارەی 16ی ئۆکتۆبەر نەبوو؟”.
کەمال کەرکووکی سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەردەبڕێت کە مەحمود سەنگاوی بەرگری لە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات و دەڵێ: ”جێگەی سەرسوڕمانە جەنابت دیفاعیان لێ دەکەی و دەتانەوێ شاراوە بمێنێ و باس نەکرێ، لە ڕاستیدا ئەمەش جێگای پرسیارە؟“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەشێک لەو پێشمەرگانەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا شەهید بوون، ئەوانە بوون کە لەلایەن کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرکردایەتی دەکران و بەشێکیان بە دەستی هێزی داگیرکار و بەشێکیشیان بە دەستی ئەو هێزانە شەهید کران کە فەرمانیان لە باڵی خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەر وەردەگرت و ”لە پشتەوە لەو پۆلە هەڵۆیە درا و ژمارەیەکیان لێ شەهید و بریندار کرا“.
فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ جارێکی دیکە پرسیاری ئەوە لە فەرماندە سەربازییەکەی یەکێتی دەکات کە ئاخۆ هۆکار چییە لە باسکردنی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا ناڕەحەت دەبێت؟ ئایا شەهید و برینداربوونی خەڵک و ماڵ سووتاندن و وێرانکاری لە (خانەقین، خورماتوو و کەرکووک) ڕووی نەداوە؟ ئایا ئەم خیانەتە نەبووەتە هۆی دواکەوتنی سەربەخۆیی کوردستان؟
هاوکات ڕوونی کردووەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ”بە ئەمانەتەوە ئەو خیانەتە بۆ گەلی کوردستان ڕوون دەکاتەوە“. دەشڵێت: ”پێشتر ڕێزدار کۆسرەت ڕەسوڵ بەیانی پێ دەر کرد و باسی ئەو خیانەتەی گرووپەکەی 16ی ئوکتۆبەری ناو یەکێتی کرد.
لە کۆتاییشدا کەمال کەرکووکی ڕای گەیاندووە: ”جەنابتان ھێرش دەکەنە سەر پارتی و باس لەوە دەکەن کە بە باسکردنی مێژووی خیانەتی پارتی هەڕەشە دەکەن، بەڵام مێژووی پارتی دیارە و زۆر ڕوون و جێگای شانازییە و ھەمیشە پارتی لە ڕیزی گەل و لەگەڵ گەل بووە و بۆ گەل تێکۆشاوە و ھیچ کاتیش مساوەمەی لە سەر ماف و خاکی گەلی کوردستان نەکردووە و پارتیش ھیچ کات شەرمی لە مێژووی خۆی نەکردووە و زۆریش سەربەرز و پشت ئەستوورە بە مێژووی پڕ شانازیی خۆی. بۆیە ئەو ھێرشە نابەجێ و نادرووستەی جەنابتان، لە بەرژەوەندیی یەکڕیزیی ناو کوردستاندا نییە و ئەوەش بزانە پارتی زۆر شتی لەبەر دەستە و ئەرشیفی پارتی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە و بە ھێزە، ئەگەر دەتەوێت باسی مەلف بکرێت، پارتی ھیچ لاری نییە“.
باسنیوز
