ڕەخنەی توند لە وەزیرەکەی گۆڕان لە حکوومەتی عێراق دەگیرێت
حەکیم موراد ئەحمەد، یەکێک لە ناڕەزاییەکانی خەڵکی خورماتووە لە شاری ھەولێر کە ئێستا ماڵ و شوێنی خۆی بەجێ ھێشتووە و لە شاری ھەولێر لەگەڵ براکەیدا دەژیت گوتی: "دوای ئەوەی حەشدی شەعبی ھێرشی کردە سەر شاری خورماتوو سەرجەم ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێ ھێشت و رامان کرد بەرەو شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێستاش ماڵەکەم حەشدی تورکمانی لێیە و کراوە بە بارەگایەکی سەربازی و شەوان چەکدارانی حەشدی شەعبی تێیدا دەمێننەوە".
ئەو ھاووڵاتییە کوردە لە بەشێکی دیکەدا راسی گەیاند: "ئەوەش بۆ چەند مانگێک دەڕوا ئاوارە بووین و دوو جار بە نوێنەرایەتیی خەڵکی خورماتوو چووینەتە بەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی و وەڵامیان نەبووە، لەم گوزەرانە خراپەدا دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، نەک نەیتوانیوە ھەواڵێکی گوزەرانی ئەو خەڵکە بپرسێت، بگرە بێدەنگبوونی بەشداری کردنیەتی لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، چونکە ناپرسن ئەرێ چییان پێویستە و ئەوان بەقسەی خۆیان وەزیرن و دەکرێت پێیمان بڵێت چییان بۆ خەڵکی خورماتوو و لێقەوماوان کردووە و ئاخۆ ھەر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا باسمان کراوە؟".
حەکیم موراد ئەحمەد لە درێژەدا گوتیشی: "بەرپرسیارێتیی یەکەمی نەھامەتیی ئەم دۆخەی خەڵک دیارە کێ بووە، بەڵام دووەم بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانە و خۆپیشاندانی ئەمجارەش بۆ بەردەم بارەگای سەرەکیی گۆڕان دەبێت لە سلێمانی".
لەلایەن خۆیەوە فاتیح رەوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، گوتی: "دەبێ وەزیری کۆچ و کۆبەران ئاوڕ لەو خەڵکە فەقیر و ھەژارەی خورماتوو و کەرکووک بدەنەوە، چونکە بەڕاستی دۆخی خەڵک ناکرێت ئاوا بێت و ئەویش ئاوا بێت، تاوانی ئەو خەڵکە ئەوەیە کە کوردن کوردیش ئێستا تووشی نەھامەتی بووە و وا خەریکە زستان تەنگی بە ئاوارەکان ھەڵچنیوە و کاتی خۆی چۆن وەزیری کۆچ و کۆچبەران سەردانی ئاوارەکانی دیالە و ئاوارەکانی مووسڵی دەکرد، با ئاواش سەردانی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو بکات".
ئەو سەرکردەیەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە درێژەدا گوتیشی: "ئەرکی سەرشانیەتی سەردانی ئاوارەکان بکات لە خەمەکانیان تێبگات جارێک وەک کوردێک و جارێک وەک وەزیری پەیوەنداری حکوومەتی عێراق با لە رەوسی ئاوارەکان بکۆڵێتەوە".
لە بەرامبەردا فەرمان عزەدین، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "وەزیرەکەمان لە بەغدایە و ڕەنگە ئەوان بەرنامەی تایبەتیی خۆیان ھەبێت، بەڵام پێم وایە ئەوە پێویستی بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تا سەر دژایەتیی کوردستان دەکات، لەوەدا وەزیرەکەمان دەست واڵا نییە، بۆ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێ لەو بارەوە خۆی وەڵام بداتەوە".
ئەو ھەڵسووڕاوەی گۆڕان لە درێژەدا گوتیشی: "وەزیریش ئیمکانیەتی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ڕاستییەک ھەیە و ڕەخنەیەکی زۆر ھەیە و ھەمووشی ڕووبەڕووی گۆڕان دەکریتەوە، لەبەرئەوەی گۆڕان دەنگێکی دلێر بووە بەرانبەر بە دەسەڵات، بەڵام پرسی ئاوارەکانی خورماتوو وکەرکووک بە سیاسی کراوە".
بەپێی زانیاريه كان ڕۆژی شوممەی داھاتوو لەسەر گۆڕینی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ھەردوو جڤاتی گشتی و نیشمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ دەکەن، فەرمان عزەدین گوتی: "بەڵێ لەناو ھەر دوو جڤات باسی ئەو پرسە دەکرێت و و ئەو باسە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکان دەبێت".
باسنیوز
