داوا لە قوباد تاڵەبانی دەکرێ ناوی ئەو فەرماندانە ئاشکرا بکات کە چەکەکانیان دەفرۆشن

 داوا لە قوباد تاڵەبانی دەکرێ ناوی ئەو فەرماندانە ئاشکرا بکات کە چەکەکانیان دەفرۆشن
دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر بە قسەکانی مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە فەرماندە هەیە دوای هەڵاتنی لە بەرەکانی شەڕ، چەکەکانی پێشمەرگە لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشێ، داوا لە قوباد تاڵەبانی دەکرێ، ئەو فەرماندانە ئاشکرا بکات و دادگایی بکرێن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت لە پشکی یەکێتی، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا کە زۆر لە میدیاکانی کوردستان بە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی قسەکانی مەحموود سەنگاوییان لێک دایەوە کە بە نوێنەرێکی لاوازی یەکێتی لە حکوومەت وەسفی کردبوو. قوباد تاڵەبانی ئەوەی ئاشکرا کرد کە فەرماندە هەیە خۆی بە پاڵەوان دەزانێت، کەچی لە کاتی هێرشەکانی سەر کوردستان لە بەرەکانی شەڕ ڕادەکات و چەکەکانی پێشمەرگەش لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشێت.

لەم بارەیەوە بەختیار حەیدەر، نەقیبی پارێزەرانی کوردستان ڕایگەیاند: ”دەبێ قسەکانی قوباد تاڵەبانی بەھەند وەربگیرێت، دیارە مەبەستی کێیە بەڵام باشترە ناوەکانیان ئاشکرا بکات، بۆیە دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکاری خۆی بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بکات".

نەقیبی پارێزەرانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ”دەبێ ھەر کەسێک لەو بابەتەدا هەیە، لێکۆڵینەی لەگەڵدا بکرێت و لێژنەیەکی یاسایی لەمبارەیەوە دروست بکرێت".











باسنيوز
Top