بەرپرسێکی یەکێتی: لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێ جێگە بە یەکێتی لێژ بکات

 بەرپرسێکی یەکێتی: لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێ جێگە بە یەکێتی لێژ بکات
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی ھەریمی کوردستان گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات، دەنگەکانی خۆی دەھێنێتەوە، چونکە یەکێتیی مێژوویەکی دورور و درێژی ھەیە و لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێ جێگە بە یەکێتیی لێژ بکات.



ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی شارەزوری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ، ڕاگەیاند: "ئەگەر یەکێتی لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا کۆنگرەی چوارەم ببەستێت، بەڵام بەو مەرجەی کۆنگرە بتوانێ گۆڕانکاری لە تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتییدا بکات، ھیچ قەوارەیەکی سیاسی ناتوانێ بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی ھەرێمی کوردستان، زیان بە دەنگەکانی یەکێتی بگەیەنێت”.



ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕاستە لیستەکانی "نەوەی نوێ" و "ھاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ دادپەروەری” پێگەیان لە زۆنی سەوز دایە، بۆیە دەکرێ بەشێکی کەم لە دەنگەکانی یەکێتی بەرن، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت، بەھۆی لیستەکەی بەرھەم ساڵحەوە یەکێتی دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکات، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لە کۆنگرە ئەنجامی بدات، بێگومان بۆ ھەڵبژاردنەکان دەنگەکانی وەکوو خۆی دەمێنێتەوە".



ئەحمەد قەدەفەری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا: "ئاماژەی بەوەش دا لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێ بەتەواوەتی جێگە بە یەکێتیی نیشتمانی لێژ بکات، چونکە خەڵک ئێستا لە ھەموو حزبەکان نیگەرانن، بەڵام یەکێتیی جەماوەری خۆی ھەیە و ڕەنگە ئەم کورسییانەی ئێستای بمێنێتەوە".



جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی شارەزووری یەکێتی لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد:" ھەموو حزبێک بەشی خۆی دەنگەکانی کەم دەکات، بەڵام ھیچ لیستێکی دیکە ڕەنگە نەتوانێ دەنگی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ خۆی ڕابکێشێت، دواجار ھەموو حزبێک بەپێی پێگە و قورسایی خۆی دەنگ دەھێنیت، بۆیە یەکێتی وەکوو حزبێکی سیاسی ئەگەر چاکسازی لەخۆیدا بکات، دەنگەکانی پێشووی دەھێنێتەوە".



بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و بەبێ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە، قەوارەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، بەڵام قەوارەکەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە هەڵوەشاوەتەوە و تاوەکوو ئێستاش لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەک حزب ناوەکەی تۆمار نەکردووە.



باسنیوز
Top