بەهۆی بۆردومانکردنی کۆپتەرەکانی عێراقەوە هەزاران کوردی دیکە ئاوارە بوون

 بەهۆی بۆردومانکردنی کۆپتەرەکانی عێراقەوە هەزاران کوردی دیکە ئاوارە بوون
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 12/12/2017، بە بیانووی بوونی خۆبەخشان كۆپتەری عێراقی ناوچەی "داودە"یان لە سنووری خورماتوو بۆردوومان كرد، دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش ئاوارە بوون.

سەباح عەلی، هاووڵاتی دانیشتووی ناوچەی داودە و شایەتحاڵی ڕووداوەکان باسی ڕووداوەكانی ناوچەی داودەی سەر بە خورماتوو بۆ (باسنیوز) كرد و ڕای گەیاند: "دوای بۆردومانی دوو گوند لە ناوچەی داودە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقەوە كە زیاتر زیانی مادیی لێ كەوتەوە و چەند سەر ئاژەڵێكیش مردار بوونەوە، ئیتر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 12/12/2017ەوە دانیشتوانی گوندەكانی ناوچەی داودە ئاوارەی كەلار و دەوروبەری بوون".



ئەو هاووڵاتییە کوردە ئەوەشی خستە ڕوو: "بەشێك لە ئاوارەكانی خورماتوو کەلە گوندەكانی ناوچەی داودە نیشتەجێ بووبوون، ئێستا جارێكی تر ئاوارە بوونەتەوە".



ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "فڕۆكە عێراقییەكان لەسەر داوای حەشدی شەعبی لە خورماتوو و بە بیانوی بوونی خۆبەخشان لە ناوچەكە، گوندەكانی ناوچەی داودەیان بۆردومان كردووە".



پێشتر، محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ڕای گەیاندبوو، "نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 12/12/2017، كۆپتەرەكانی سوپای عێراق گوندی (قەڵای مەتحەت)یان لە ناوچەی داودە بۆردومان كردووە".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) ژمارەیەكی كەم لە هاووڵاتیان لە ناوچەی داودە دا ماونەتەوە، ئەوانیش لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بۆردومانی ناوچەكەیان لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژین.

ناوچەی داودەی سەر بە قەزای خورماتوو لە 50 گوندی کوردنشین پێکدێت و بەشێکی زۆری ئاوارەکانی خورماتووش لەو گوندانە نیشتەجێ بوون.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.




باسنیوز
Top