خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی نیگەران دەکات

 خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی نیگەران دەکات
دوای ئەنجامدانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن گرووپێکەوە کە ئێستا بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ناسراون، چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە حزبەکەیان دەردەبڕن و ئامادە نین، بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەیان بکەن.



بەپێی ئەو زانیارییەكان لە سەرچاوەیەکی باڵا، چەند سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکھاتوون لە (شاڵاو عەلی عەسکەری، حەمەی حەمەسەعید و نەرمین عوسمان)، بەھۆی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر و دۆخی ناوخۆی یەکێتییەوە، نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە حزبەکەیان نیشان داوە، جگە لەوەی داوای چاکسازیی ڕیشەی لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دەکەن، بەھۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە یەکێتی نیگەران بوون و بڕیاریان داوە تاکوو بەستنی کۆنگرە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نەکەن.



سەچاوەکەی ئەوەشی گوت، مەرج نییە ئەو سەرکردانەی یەکێتی تەنھا بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە یەکێتیی نیگەران بن، بەڵکوو ئەو سەرکردانەی یەکێتیی زۆر دەمێکە تووڕەیی و نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە حزبەکەیان نیشان داوە، چونکە دوای جیابوونەوەی باڵی ناوەندی بڕیار، ئەوان داوای چاکسازییان لەناو ڕیزەکانی یەکێتی کردووە، بەڵام ھیچ کەسێک ئامادە نەبووە گوێ بۆ داواکارییەکانیان بگرێت، بۆیە ئەوان ئێستا لە یەکێتی بێزار و نیگەرانن.



ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، ھەر یەک لە حەمەی حەمە سەعید و شاڵاو عەلی عەسکەری و نەرمین عوسمان، ئەوە دەزانن ئەگەر یەکێتی کۆنگرەیەکی دروست و بێ پیلانڕێژیی نێو باڵەکان نەبەستێت، ناتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات. بۆیە ”زۆر بە کەمی بەشداریی کۆبوونەوەکانی یەکێتیی دەکەن، بەڵام خودی شاڵاو عەلی عەسکەری بەھۆی نیگەرانییەکانی بۆ حزبەکەی، نزیکەی ساڵێکە کوردستانی بەجێ ھێشتووە و بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نەکردووە، لە کاتێکدا چەندین جار داوای چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ھەیکەلی یەکێتیی کردووە“.



سەرچاوەکەی (باسنیوز) باسی لەوەش کرد: "یەکێتی چەند سەرکردەیەکی باڵای ھەیە کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتین، بەتایبەتی عەبدولڕەزاق فەیلی، عومەر شێخ مووس، پێشتر ئەگەر یەکێتی ڕووبەڕووی کێشەیەکی ناوخۆی ببوایەتەوە، ئەوان وەکوو دڵسۆزی یەکێتی تەداخولی کێشەکانی ناو یەکێتییان دەکرد و کێشەکانیان چارەسەر دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوان ئامادە نین بە یەک وشە قسە لەبارەی کێشەکانی یەکێتی بکەن، یان وەکوو کوردەواری دەڵێت، ئاوێک بکەن بە ئاگرەکەدا، بەڵام ئەگەر کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ببەسترێت، ئەگەرێکی زۆر ھەیە بەشێک لە کێشەکانی ناو یەکێتیی چارەسەر بکرێت".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنیوز
Top