بەرپرسانی سنووری باشماخ ‌و ئێران لەسەر چەند پرسێک ڕێك کەوتن

 بەرپرسانی سنووری باشماخ ‌و ئێران لەسەر چەند پرسێک ڕێك کەوتن
دوابەدوای سەردانێكی وەفدێكی باڵای سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ / دیوی هەرێمی كوردستان، بۆ وڵاتی ئێران و كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا بەرپرسی باشماخی هەرێم زانیاری نوێ لەبارەی ڕێكکەوتن، لەگەڵ ئێرانییەكان لەسەر چەند خاڵێكی نوێ ئاشكرا دەكات.



ئەزوەر مەحموود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ، ڕاگەیاند: لە دوایین سەردانماندا بۆ سنووری نێودەوڵەتی باشماخ / دیوی ئێران، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێرانی و مەرزەكەدا كۆبووینەوە و لەبارەی چەندین پێشهات و گۆڕانكاریی نوێوە گفتوگۆمان كرد و وەفدەكەشمان پێكهاتبوو لەبەندە و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخی هەرێم و لێپرسراوی سەندیكای شۆفێرانی پێنجوێن و نوێنەری هۆبەی پەیوەندییەكان و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە شاری مەریوان ئامادەی بوون و تێیدا هەریەك لە ئاغای مەسعوودی كەریم، لێپرسراوی پایانەی مەرزی و ئاغای بەخشی، بەڕێوەبەری گومركی باشماخی ئێران".



سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ گوتیشی: "لە كۆبونەوەیەكدا بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئیش و كارەكانی هەردوو مەرزی باشماخ، باسی لەوە كرد ئێستا قەڕەباڵغی و لۆدێكی زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هاوكات كێشەكانیشمان خستەڕوو، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان".



ئەزوەر مەحموود، روونیشی كردەوە بڕیار درا بە گۆڕینی خشتەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان بە شێوەیەك كە گونجاو بێت بۆ هەردوولا و كارئاسانی زیاتر بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەكان و دانانی دوو نوێنەر لە مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران، بە مەبەستی پەیوەندی و ڕێكخستنی بارهەڵگرەكان بۆ گوزەركردن، كە لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ هۆبەی پەیوەندییەكان و سەندیكادا، هەروەها بڕیار درا بە كردنەوەی گەراجێكی تایبەت بە تەنكەرەكان لەدیوی هەرێمی كوردستان، تاكوو سووتەمەنی زیاتر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت".



بەڕیوەبەری سنووری باشماخ ئاماژەی بەوەش كرد: "هەردوو لایەنی هەرێم و ئێرانی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە كە پێویستە پاركینی مۆدێرنی باشماخ ئێشكگریی هەبێت لە شەودا و دەوامكردن (۲٤) كاتژمێر بێت، جگە لەوەش كاركردنی (۲٤) كاتژمێری كارمەندەكانی هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی كاڵا بازرگانییەكان و بارهەڵگرەكان و پێشنیاریش كرا بۆ وڵاتی ئێران، كە كارمەندی مەرزی هەنگی و سوپا لەسەر پردی نێوان هەرێم و ئێران كە لەنێوان هەردوو باشماخەكە دایە زیاد بكەن بەمەبەستی زوو ڕایی كردن و وەرگرتنی بارهەڵگری زیاتر بۆ دیوی ئێران".



باسنیوز



Top