بەرپرسێکی یەکگرتوو: پێشێلکاریەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر ھاووڵاتییانی خورماتوو بەردەوامە

بەرپرسێکی یەکگرتوو: پێشێلکاریەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر ھاووڵاتییانی خورماتوو بەردەوامە


بەرپرسی لقی خورماتووی یەکگرتووی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەدات، کە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی، بەرامبەر بە کوردانی خورماتوو، بەردەوامە.



فەرمان عەبدولڵا، بەرپرسی لقی خورماتووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ژمارەیەکی زۆر ماڵە کوردی سوتاند و تەقاندەوە، ئێستاش ھاووڵاتییانی ناوچەکە، لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژین، چونکە دڵنیان لەوەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ناتوانن بارودۆخی ناوچەکە بە سەقامیگری بھێڵنەوە، بۆیە بەردەوام ماڵە کوردەکانی خورماتوو ماڵەکانی خۆیان بەجێ دەھێڵن".



ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو، کە ھاووڵاتییانی خورماتوو، داوای ھێزێکی ئەمنی باش بۆ پاراستنی ناوچەکەیان دەکەن، دەشڵێت: "بێگومان ماڵە کوردەکان ھێزی پێشمەرگە بە ھێزێکی شایستە دەزانن، چونکە پێشتر ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بەبێ جیاوازی توانیویەتی ژیانی ھاووڵاتییان بپارێزێت، بەڵام ئێستا ھەموو ھاووڵاتییانی ناوچەکە بەھۆی پێشێلکارییەکانی چەکدارەکانی حەشدی شەعبییەوە دەناڵێنن".



ئاشکراشی کرد، کە بەھۆی مامەڵەی نەشیاوی حەشدی شەعبی ئێستا ھاووڵاتییانی خورماتوو، وەک دێوەزمەیەک تەماشای حەشدی شەعبی دەکەن.



فەرمان عەبدولڵا، بەرپرسی لقی خورماتووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی: "ھاووڵاتییانی خورماتوو، ھەر لەژێر زەبر و زەنگی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نامێننەوە و ڕۆژێک دێ ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆیان، چونکە ھەموو لایەک گەشبینە بەگەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، بێگومان ئەو کاتە ھاووڵاتییانی کورد شکۆیان بۆ دەگەڕێتەوە و لەم دۆخە ناھەموارەی ئێستا ڕزگاریان دەبێت".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
bas news-
Top