لێژنەی ماددەی 140 بانگەوازێک ئاراستەی شەش حزبی کوردستان دەکات
لە بانگەوازەکەدا، کە واژۆی کاکە رەش سدیق، لێپرسراوی نووسینگەی کەرکووکی لێژنەکەی لەسەرە، داوا لەو حزبە کوردستانییانە دەکات ”راوبۆچوونی حزبیی جیاواز وەلاوە بنێن“ و کێشە چەقبەستووەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە چارەسەر بکەن.
لێژنەکە پێی وایە مانەوەی کەرکووک بەو بارودۆخەی دوای داگیرکردنی شارەکە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بارودۆخی کەرکووک و ئەو ناوچانە ”رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو راپتر“ دەبات و لە بەرژەوەندیی کورد لە کەرکووک نییە.
بانگەوازەکە ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، حزبی شیوعیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کراوە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
