لە شێخان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشەخۆراکی 450 خێزانی ئاوارە دابین دەکات
ڕۆژی دووشەممە 11/12/2017، بەشەخۆراکی مانگی 12ی 450 خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی (نێرگزلی)ی قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دھۆک لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرنامەی جیھانیی خۆراکەوە دابین کرا.
ھەر بەشەخۆراکێک، پێک دێت لە 73 کیلۆگرام خۆراکی وشک (برنج، رۆن، نیسک و ئارد و ھتد)، کە پێداویستیی خواردنی مانگێکی ھەر خێزانێک پڕ دەکاتەوە.
بەرنامەی جیھانیی خۆراک لە ساڵی 1961 دامەزراوە و لقێکی سەر بە ڕێکخراوی جیھانیی (UN)ە و گەورەترین ڕێکخراوی مرۆیی جیھانییە بەناوی (hunger and promoting food security).
ھەر لە ڕۆژی دووشەممەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا، ھاوکاری گەیاندە 537 قوتابیی خورماتوو، کە بەسەر 20 قوتابخانەی کفری و چوار قوتابخانەی شارەدێی زنایە دابەشک راون، لەو چالاکییەشدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستیی خوێندنی پێشکەشی قوتابییەکان کرد.
ئەم ھاوکارییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێداویستی خوێندنی ساڵێکی قوتابییەکان پڕ دەکاتەوە و پاڵپشتییەکی مادیی باشە بۆ خێزانی قوتابییەکان، مەبەست لێیشی، پشتیوانیکردن و ھاندانی قوتابییەکانە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و سەرکەوتنیان.
ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا، چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات، کە تا ئێستا بریتی بوون لە: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستیی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابییان، ھەروەھا خولی تایبەت بە فێرکردن و بارھێنان، کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و ھاوکاری ڕێکخراو و خێرخوازە ھەرێمی و جیھانییەکان بەڕێوە دەبرێن.
باسنيوز
