پەرلەمان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن سەرۆکایەتی حکوومەت و کۆمسیۆن بانگهێشت دەکات

 پەرلەمان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن سەرۆکایەتی حکوومەت و کۆمسیۆن بانگهێشت دەکات
بە مەبەستی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات.

بەپێی نووسراوێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان یاداشتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کردەوە، تێیدا داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کراوە، ئامادەکاری بکەن تاوەکوو لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەماندا لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژ و کاتی ھەڵبژاردن و ئالیەتی ھەلبژاردن گفتوگۆ بکەن.

چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەو یاداشتە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن، لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستاندا ئامادەبن و دواتر ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.

هەر لەو یاداشتەدا ئاماژە بەوە دراوە: ”بە مەبەستی دانانی ڕێوشوێنی ھەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کە بە لایەنی کەمەوە، شەش مانگی دەوێت، پێویستە پەرلەمان ئاگاداری ڕێوشوێنەکان بێت بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان وەک پێویست بکرێن لە پێناوی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد“.

بڕیاربوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری 1/11/2017 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.












باسنیوز
Top