لە خورماتوو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ماڵی پێشمەرگەیەکیان سووتاند

لە خورماتوو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ماڵی پێشمەرگەیەکیان سووتاند
میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەردەوامن لە سووتاندن و بەتاڵانبردن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە.

ڕۆژی دووشەممە 11/12/2017، عەباس گەرمیانی، پێشمەرگەیەکی کوردە، لە ھەژمارەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، کە حەشدی شەعبی ماڵەکەیان سووتاندووە و وێنەکانی ماڵە سووتاوەکەشی بڵاو کردەوە، ھەروەھا نووسیویەتی: "ئەمانە وێنەکانی ماڵەکەی خۆمە، کە بە دەستی حەشدی تورکمانی سووتێنراوە، خوایە گیان حەقمان بسێنی.

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، لە 16ی ئۆکتۆربەرەوە تا ئێستا، دوو ھەزار ماڵی کوردانی خورماتوویان سووتاندووە، یان بەتاڵان بردووە و یانیش تەقاندوویانەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەچاو ساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی، بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد، ھەزاران ھاووڵاتیش ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ئاوارە بوون.










باسنیوز
Top