بەبیانووی خۆبەخشانەوە هەلیکۆپتەری عێراقی سنووری خورماتوو بۆردومان دەکەن

 بەبیانووی خۆبەخشانەوە هەلیکۆپتەری عێراقی سنووری خورماتوو بۆردومان دەکەن
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق گوندێک لە ناوچەی (داودە)ی سەر بە شاری خورماتوو بۆردومان دەکەن و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سنوورەکە بڵاو دەکەنەوە.

ئاسۆ مەجید، دانیشتووی شارەدێی زینانەیە کە شارەدێکەیان دەکەوێتە ناوچەی داوودە لە سنووری نێوان خورماتوو-کفری ڕایگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەمەودایەکی دوورە ھاوەنبارانی گوندی (لەک)یان کردووە لە ناوچەی داودە".

ئەوەشی خستەڕوو، لەو دەوروبەری گوندی لەک، ژمارەیەک لە گەنجانی خۆبەخش ھەیە، بەڵام ”تا ئێستا ئەوە نازانین کە ئەو بۆردوومانە قوربانی لێکەوتوەتەوە یاخود نا“.

ئاسۆ مەجید، گواھیدەری هێرشەکە ڕایگەیاند: ”دوو ھەلیکۆپتەر سووڕانەتەوە بە سەر ناوچەی داودە، ماوەیەکە ھەلیکۆپتەر ڕۆژانە دەسووڕێتەوە بەسەر ناوچەکەدا و ئێستاش دۆخێکی ناھەموار لە ناوچەکە درووست بووە“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لەنێو خەڵکی سنوورەکەدا دەنگۆی ئەوە هەیە، حەشدی شەعبی بە نیازی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنێکە لە ناوچەکە، ”ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵک ناوچەکە درووست کردووە“.

لە لایەکی ترەوە، محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ڕای گەیاند: "نێوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2017، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای عێراق گوندی (قەڵای مەتحەت)یان لە ناوچەی داودە بۆردوومان کردووە“.

ناوچەی داودە لە 50 گوندی کوردنشین پێکدێت و بەشێکی زۆری ئاوارەکانی خورماتووش لەو گوندانە نیشتەجێبوونە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.











باسنیوز
Top