نێچیرڤان بارزانی: کۆریای باشوور سەلماندوویانە دۆستی گەلی کوردستانن
نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی ئەو ئەنیستیتیوتەدا گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی دەوڵەمەندە و لە پسپۆڕی و تایبەتمەندیی بوارەکاندا دەوڵەمەندە. ئەگەر ئەمە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ئاراستە بکرێت، سوودێکی زۆری بۆ هەموو بوارەکانی کارگێڕی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەنستیتیوتی کوردستان بۆ کارگێڕیی گشتی کە لەگەڵ پێکهاتنی کابینەی حەوتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێک لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەت و پێشتر ڕێکخراوێکی ناحکوومی بووە".
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد: "سوپاسی هاوکارییەکانی کۆریای باشوور دەکەین و سەلماندوویانە کە دۆستی گەلی کوردستانن و لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوام هاوکارییان پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەم پڕۆژەیە دیسانەوە لەلایەن کۆرییەکانەوە جێبەجێ کرا."
لە کۆتاییدا گوتیشی: "دەمەوێ بەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە ئەو هەموو هاوکارییەی تیمی زەیتوونی سەربازیی کۆریای باشوور بۆ هەرێمی کوردستانی کرد. لێرەوە دوای چەند ساڵ سوپاسی یەک بە یەکی ئەو سەربازانە دەکەین کە ئەوکاتە هاتنە کوردستان و پرۆژەی زۆریان، بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دا. دڵنیایان دەکەینەوە کە گەلی ئێمە ئەو هاوکارییانەی لەبیر ناچێت و هیوادارم ئەنستیتیوتی کوردستان بۆ کارگێڕیی گشتی ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی توانای کارمەندانی حکوومەت و پیرۆزبایی باڵەخانە تازەکەیان لێ دەکەم".
باسنیوز
