حەشدی شەعبی لە خانەقین ژیانیان لە هاووڵاتیان تاڵ کردووە

 حەشدی شەعبی لە خانەقین ژیانیان لە هاووڵاتیان تاڵ کردووە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤی خانەقین ئاشكرای دەكات كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕێگایان پێ نادەن لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بكەن.



ئەمەل فوئاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤی خانەقین، ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی، بەتایبەت گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێگەمان پێ نادەن لێكۆڵینەوە لە دۆخی مافی مرۆڤ بكەین، دۆخەكەمان وەك پێشتر نییە و ئێستا گۆڕاوە، تەنانەت وەك پێشتر ناتوانین بۆ لێكۆڵینەوە لە هەندێك دۆسیە سەردانی پۆلیس بكەین".



بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤی خانەقین گوتیشی: "لەبەر خراپیی دۆخی ئەمنی، ئێستا زۆربەی ئاوارەكان كە لە كەمپەكانی دەوروبەری خانەقین بوون، چۆڵیان كردووە و چوونەتە شوێنی دیکە و حەشدی شەعبی ئازاری خەڵك دەدات".



بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤی خانەقین، ئەوەشی خستە ڕوو، هاوكات وەك پێشتر ناتوانین بچینە ناو خەڵك و تاوتوێی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بكەین، تەنانەت لە خانەقین ڕەوشەكە بە شێوەیەكە خەڵك كاتێك كاتژمێر 8ی بەیانی لە ماڵ دەردەچن و دەچنە سەر كارەكانیان، ئیتر دڵنیا نین لە ژیانیان".



ڕوونیشی كردەوە، لە خانەقین ڕووبەڕووی كێشەی جۆراوجۆر بوینەتەوە و دۆخێكی مەترسیدار هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لە سنوورەكەمان نەماون و دۆخی ئەمنی خراپە بووە و تاوانەكانی كوشتن زیادی كردووە و هەر لەم ماویەدا سێ تاوانی كوشتن هەبووە، ئەم كردەوانەش لە بەر نەبوونی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لە خانەقین ڕوو دەدەن، چونكە ئەوان پێشتر ڕێگەیان بە پێشێلكارییە ئەمنییەكان نەدەدا.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەت كار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.








باسنیوز
Top