بەناوی رەوتێکی نوێوە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کار بۆ دەست بەسەرداگرتنی یەکێتی دەکات

 بەناوی رەوتێکی نوێوە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کار بۆ دەست بەسەرداگرتنی یەکێتی دەکات
گرووپی خیانەتکاری ١٦ ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی، کە لەو رۆژەدا کەرکووکی ڕادەست بە حەشدی شەعبی کرد، دەیەوێ بەناوی ڕەوتێکی نوێوە دەست بەسەر یەکێتیدا بگرێت و قسەکانی لاھوور جەنگی، لە کۆنگرەی (مەنامە) بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و کادیرانی یەکێتییە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، لەبەر تەندروستیی کۆسرەت ڕەسووڵ، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بۆ دیاریکرنی وادەی کۆنگرەی یەکێتی و لیژنەی بەدیل بۆ مەکتەبی سیاسی ئەنجام نەدراوە.



لاھوور جەنگی، کە یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر کە (کەرکووک)یان رادەست بە حەشدی شەعبی کرد، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی (مەنامە) لە بەحرەین، کە بەپێی شوێنی دانیشتن و کاتی قسەکردنەکەی وەکوو کەسێکی ئاسایی بەشداریی لە کۆنگرەکەدا کردبوو، نەک وەکوو کەسایەتییەکی تایبەت، بەڵام بۆ خۆبەریکردن لە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، پرسیاری ئەوەی ئاراستەی ئەمەریکییەکان کرد کە بۆچی بەرامبەر بە بەکارھێنانی چەکی ئەمەریکی لە دژی پێشمەرگە و فراوانخوازیی ئێران بێدەنگ بوون؟



ھاوکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە قسەکردنەکەی خۆی وەکوو بەڵگەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی تێوەگلانی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڵاو کردەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی لێدوانەکانی نێو میدیای سەر بە خۆیان و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و میدیای عێراقی و ئێرانییەکانیش، لاھوور جەنگی، بە ھاوکاریی پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و ئاراسی برای، رێککەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە بۆ رادەستکردنی کەرکووک و خورماتوو بەو ھێزە میلیشیا عێراقییە.



ھەر دوای دوو رۆژی رووداوەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، ئاراس جەنگی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و برای لاھوور جەنگی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (گەرماوگەرم)ی کەناڵی گەلی کوردستانی یەکێتی، رای گەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا حەشدی شەعبی لە شاری کەرکووکدا نامێنێت.



گوتیشی: ”حەشدی شەعبی ھاتوون بۆ کەرکووک بەرگری لە شارەکە دەکەن و ڕێگە نادەن دانیشتوانەکەی ماڵوێران بن، دواتر شارەکە جێ دەھێڵن“.



لای خۆشیانەوە، پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (فرانس ٢٤)، دواتریش بۆ میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان لە سلێمانی، رای گەیاند، بۆ ھێنانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بۆ سنووری کەرکووک، لە کۆی ٥٠ سەرکردەی یەکێتی، رەزامەندیی ٣٨ سەرکردەیان وەرگیراوە، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی رەت کرایەوە کە ئەوان واژۆکەیان بۆ ئەوە بووبێت، ھەندێکیان رایان گەیاند بە تەلەفۆن رایان وەرگیراوە.



لەوانە حامید حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان، رای گەیاند، پێش ھێرشەکانی حەشدی شەعبی پێیان گوتم دەمانەوێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھاوئاھەنگی بکەین بۆ ئەوەی لیژنەیەکی ھاوپەیمانان بێتە بنکەی سەربازیی کەیوان، کورد و عێراق ھاوئاھەنگی لەگەڵ بکەن، کە لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ھیچ شەڕ و ناکۆکییەک نەبێ، تەنیا ئەمە بە من گوتراوە و منیش گوتوومە ئەمەم زۆر پێ باشە و پشتیوانیی لێ دەکەم، جگە لەوە ھیچ شتێکی دیکە بە من نەگوتراوە و ئەویش تەنیا بە تەلەفۆن بووە”.



ھاوکات، ھەر یەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و ھادی عامری، فەرماندەی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی دەستەی کەتیبەکانی حەشدی شەعبی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ میدیاکان دانیان بەوە دانا کە رێککەوتنیان ھەبووە بۆ ھاتنی حەشد و سوپای عێراق بۆ ناو شاری کەرکووک و سوپاسی ھەڵویستی ئەو گرووپەی ناو یەکێتییان کرد.



ھاوکات، میدیا ئەمەریکییەکان لەوانە (واشنتن پۆست)، ئاشکرای کردبوو، ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک بە رێککەوتن بووە لەگەڵ ئەو گرووپەی ناو یەکێتی و لەلایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانییەوە رێککەوتنەکە سەرپەرشتی کراوە.



ئەمە جیا لەوەی ھەریەکە لە کۆسرەت رەسوول، جێگری یەکەمی سکرتیری گشتی و سەرکردەی مەیدانیی پێشمەرگە لە کەرکووک، مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، شێخ جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی حەفتا و سەرکردەی مەیدانیی لە بەرەی کەرکووک، نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری کەرکووک، بەڕاشکاوی لە چەند لێدوانێکدا ئاماژەیان بەو خیانەتە لەلایەن ئەو گرووپەوە کردووە.



ھەر بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو قسانەی ئەو گرووپەی ئێستای یەکێتی سەبارەت بە خۆبەریکردنی لە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، پەیوەندیی بە کۆنگرەی یەکێتی و ئەو فشارە زۆرەی جەماوەر و کادیرانی یەکێتی، بەتایبەتی لە کەرکووک و خورماتوو و خانەقین ھەیە، کە ئێستا لە ترسی حەشدی شەعبی ماڵ و ژیانیان لە شارەکە جێ ھێشتووە، بەتایبەتی لە خوورماتوو، کە کادیرانی یەکێتی وەکوو ھەر ماڵە کوردێکی دیکە کەوتوونەتە بەر ئەو شاڵاوەی حەشدی شەعبی لە سووتان و دەرکردنی ماڵە کوردەکان، کە تا ئێستا بەپێی قسەکانی حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی خوورماتووی یەکێتی، زیاتر لە دوو ھەزار خانووی خێزانە کوردەکان سووتێنراون.



ھەر بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەی نێو یەکێتییەوە وەرگیراون، ئەو گرووپەی ناو یەکێتی لەڕێگەی ئەو قسانەیەوە کە حەشدی شەعبی ئەو ناوچانەی داگیر کردووە و چەکی ئەمەریکی بەدەستی حەشدی شەعبییەوەیە، دەیەوێ خۆی لەو خیانەتە بەری بکات و چەواشەی رای گشتی و بەتایبەتی ناوخۆی یەکێتی بکات، تا لەڕێگەی دیکەی خۆیانەوە بتوانن دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن.



سەرچاوەکە بۆ (باس) راشی گەیاند، لەدوای نەخۆشکەوتنەکەی کۆسرەت رەسووڵەوە، ئەو گرووپە ھەوڵی داوە کە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەنجام بدات، جگە لە دیارکردنی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی،‌ چەند بڕیارێکیشی تێدا دەربکرێت کە لە ‌بەرژەوەندیی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەوێتەوە، بەڵام بەھۆی ڕازینەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی و فەرماندەکانی پێشمەرگەی یەکێتی، ئەو ھەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ھەر یەکە لە شاناز ئیبراھیم و ئاراس جەنگی و لاھوور جەنگی، لەگەڵ چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند، رژد بوون لەسەر ئەوەی بەبێ ئامادەبوونی کۆسرەت رەسووڵ، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکرێت و لەو کۆبوونەوەیەشدا بە بیانووی خراپیی باری تەندروستیی کۆسرەت رەسووڵەوە لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی، کە دەسەڵاتی سکرتێریشی ھەیە، دووری بخەنەوە، ھاوکات بەشێوەیەک ئەندامانی ئێستای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەراوێز بخەن، کە نەتوانن لە کۆنگرەی داھاتووی یەکێتیدا خۆشیان بۆ سەرکردایەتیکردنی حزبەکەیان کاندید بکەنەوە.



بەپێی زانیارییەکان، ئەو سەردانەی ئەو گرووپەی ناو یەکێتی بۆ لای کۆسرەت ڕەسووڵ لە ئەڵمانیا، ھەر بۆ ئەوە بووە کە لەنزیکەوە لە باری تەندروستیی کۆسرەت ڕەسووڵ بگەن.



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە لەمپەری بەردەم ئەو گرووپە ئەوە بووە کە زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئامادە نەبوون بەبێ یەکلابوونەوەی بارودۆخی تەندروستیی کۆسرەت ڕەسووڵ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بکەن، بەوھۆیەشەوە لە ترسی خیانەتێکی دیکە، کۆسرەت ڕەسووڵ بە پەلە نەخۆشخانەی جێ ھێشتووە و رای گەیاندووە کە بارودۆخی تەندروستیی باشە و بەم نزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.



ھەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی لە کەرکووک دووچاری لێکترازانی زۆر ھاتووە و زۆرینەی جەماوەری یەکێتی لە ئێستا دژی ئەو خیانە وەستاونەتەوە، کە بەسەر شارەکەیاندا ھێنراوە، تەنانەت ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەیانەوێ لەڕێگەی کادیران و قاعیدەی یەکێتییەوە، باڵی خیانەتکاری ١٦ ئۆکتۆبەر ناچار بە جێھێشتنی کەرکووک بکەن، بەتایبەتی فەرماندەکانی پێشمەرگەی یەکێتی لەگەڵ ئەوەدان، تەواوی یەکەی حەفتای یەکێتی لە ھەژموونی یەکێتی بھێننە دەرەوە و بەتەواوی بیخەنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەرلەوەی دۆخی یەکێتی بگات بەو ئاستەی ئەو گرووپەی ناو یەکێتی دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن و بە کۆنگرەیەکی ڕووکەش کۆسرەت رەسووڵ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەتەواوی لە سەرکردایەتیکردنی یەکێتی دوور بخەنەوە.



ھاوکات بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو گرووپەی ناو یەکێتی کە کەرکووکی ڕادەست بە حەشدی شەعبی کرد، لە ١٦ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، ھەر لەدوای ئەو خیانەتەوە کاری بۆ ئەوە کردووە ھەوڵەکانی لە چوارچێوەی راگەیاندنی ڕەوت و باڵێکی نوێی لەناو یەکێتی سەرکەوتوو بکات، بەو ھۆیەشەوە ڕەوتێکی نوێی بەناوی (نوێبوونەوە و بونیاتنانەوە) دامەزراندووە، کە ژمارەیەک سەرکردە و کادری یەکێتی شاری کەرکووکیشیان لەگەڵدایە، ھەروەکوو ئاماژەی پێ درا، کار بۆ کۆنگرەیەکی بەپەلە و پێکھێنانی دەستەیەک دەکەن وەکوو شوێنگرەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.



بەڵام، نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بەھۆی خراپیی باری تەندروستیی کۆسرەت رەسووڵەوە بووە، گوتی: “نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت بووە ھۆی ئەوەی نەتوانرێ کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ دیاریکردنی رۆژی کۆنگرە و ئەو دەستەیە بکرێت کە دەبێتە شوێنگرەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی”.



ھەر بەپێی راگەیەندراوێکی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە میدیاکانی سلێمانیی نزیک لە یەکێتی بڵاو کراوەتەوە، تیایدا ھاتووە: «دروستکردنی ھەر ڕەوتێک بە ھەر ناو و ئامانجێک، بۆ مەرام و دەسکەوتی تایبەتییە».



مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی ئاماژەی بەوەش داوە کە: «لە ماوەی ڕابردوودا رەوتێک بەناوی (رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی) ڕاگەیەندرا، کە لەلایەن ژمارەیەک ھەڤاڵی یەکێتییەوە کاری بۆ دەکرێت، لێرەوە بە پێوستی دەزانین بە ھەموو لایەکی ڕابگەیەنین، ئەم ھەنگاوە لەدەرەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتییە».



لەبارەی قسەکانی لاھوور شێخ جەنگیشەوە، فەرید زامدار، دۆستی تاڵەبانی و پێشمەرگەی دێرین و کادیری پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە (باس)ی ڕاگەیاند: «لاھوور جەنگی بە سەدان کۆنگرەی دیکەش ناتوانێ پاساو بۆ ئەو رێککەوتنە نھێنییە بھێنێتەوە کە لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی، بۆ فرۆشتنی کەرکووک لەگەڵ چەند لایەنێکی دەرەکی ئەنجامیان داوە“.



گوتیشی ”ھەق نەبوو لاھوور جەنگی ئەو پرسیارە لە ئەمەریکییەکان بکات، بەڵکوو دەبوایە لە خۆیان بپرسێت ئەگەر ئەوان نەبوونایە، حەشدی شەعبی بە چەکی ئەمەریکی لە کەرکووک دەسووڕانەوە؟“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە قسەکانی لاھوور جەنگی لە کۆنگرەی مەنامە، بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە. دەشڵێت: ”دەبوایە کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئەو پرسیارەی بکردایە، چونکە ئەو بوو بەرگریی لە کەرکووک کرد».



ھاوکات، ڕێباز ئەحمەد غەفوور، کادیری پێشووی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی بە (باس)ی ڕاگەیاندووە: ”یەکێتی بەتایبەت ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستیان ھەبووە، دەبێ سەرەتا بەرچاوڕوونی بدەنە جەماوەری یەکێتی، کە ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، چی بوو؟ دواتر باسی ئەوە بکەن کە بۆچی حەشدی شەعبی چەکی ئەمەریکیی بەکار ھێناوە؟“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: ”ئێستا حەشدی شەعبی بۆ بەشێک لە یەکێتی نامۆ نییە، بەڵکوو ئیدارە و بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووکن و پشتیوانی لە ڕەوشی کەرکووک دەکەن، واتە لاھوور جەنگی پێش ئەوەی پرسیار لە ئەمەریکییەکان بکات، دەبێ پرسیار لە یەکێتی و خۆیان بکات کە کێ بوو دەستی حەشدی گرت؟ ئەگەر ئەمە بۆ ئەوەیە کە ئاراستەی ڕووداوەکان لەسەر خۆیان بگۆڕن، ئەوا لەو باوەڕەدا نیم کادیرانی یەکێتی بڕوا بەو قسانە بھێنن».









باسنیوز
Top