بەرپرسێكی یەكێتی: ئه‌و كاته‌ی پێشمەرگە سنگی بەر گولە دەدا زۆرێك لە هێزە عێراقییەكان بوونیان نه‌بوو

 بەرپرسێكی یەكێتی: ئه‌و كاته‌ی پێشمەرگە سنگی بەر گولە دەدا زۆرێك لە هێزە عێراقییەكان بوونیان نه‌بوو
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییشە ڕایدەگەیەنێت، كاتێك پێشمەرگە سنگی بەر گولە دەدا زۆرێك لەو هێزە عێراقییانەی ئێستا سەرۆك وەزیر بەهۆی سەركەوتن بەسەر شەڕی داعشەوە سوپاسیان دەكات، لە مەیداندا بوونیان نەبوو.



ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشمانی ڕاگەیاند: "حەیدەر عەبادی (ناكر جەمیل)ە، چونكە ئەگەر دادپەروەر بوایە ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستانی پێش هەموو هێزەكانی دیكە دەخست و سوپاسی دەكردن، لەبەر ئەوەی كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان سنگی بەر گولە دەدا و داعشی بەزاند و ڕاوی نا بەشێكی زۆری ئەو هێزانەی ئێستا عەبادی ناویان دەهێنێت لەمەیداندا نەبوون، بۆیە دەبێ ڕێكارە یاسای و دەستوورییەكان لەبەرامبەر ئەو قسانەی عەبادی بگیرێتەبەر".



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی باس لەوەش دەكات كە ڕاگەیاندراوەكەی عەبادی كاریگەری لەسەر پەیوەندی و دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، هەورەها كاریگەری لەسەر دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیش دەبێت، بۆیە پێویستە لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەشەوە خۆپیشاندان لە دژی وتەكانی عەبادی ئەنجام بدرێت، دەشڵێت: "ناكرێ عەبادی ڕۆڵی پێشمەرگە بە نادیدە بگرێ".



ئێوارەی ڕۆژی 9/12/2017ی حەیدەر عەبادی بە بۆنەی سەركەوتن بەسەر ڕێكخراوی داعش لە عێراق ڕاگەیانراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا سوپاسی هێزە عێراقییەكانی بۆسەركەوتن بەسەر شەڕی داعشدا كردا بە بێ ئەوەی ناوی ناوی هێزی پێشمەرگە بهێنێن .


باسنيوز
Top