چاودێرانی سیاسی: پێویستە لایەنی سێیەم بۆ دانوستانی هەولێر و بەغدا بێتە سەرهێڵ

 	 چاودێرانی سیاسی: پێویستە لایەنی سێیەم بۆ دانوستانی هەولێر و بەغدا بێتە سەرهێڵ
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەست ناوی ھێزی پێشمەرگەی نەھێناوە و لەبیری نەکردووە، بەڵکو دەریخست کە ئەو، کەسێکی شۆڤینییە و بە یەک چاو تەماشای ھەموو عێراق ناکات، بۆیە پێویستە ئەو وڵاتانەی جەخت لەسەر یەکپارچەییی عێراق دەکەنەوە وەک لایەنی سێیەم بێنە سەرخەت و نێوەندگێری لە نێوان ھەرێم و بەغدا بکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ماوەیەکە بە بەردەوامی دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە ڕووی بەکارھێنانی ھێز و سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئابووری و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی ھەرێم و نەدانی مافی ھەرێمی کوردستان و ئێستاش بە ھۆی کۆتاییھاتنی شەڕی داعشەوە، تەنانەت بە وشەیەکیش باسی قارەمانیەتی و ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەی نەکردووە، کە ڕۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە تێکشکاندنی داعش و قوربانیەکی زۆریشی لەو پێناوەدا بەخشیوە.

چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، (د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر تەماشای لێدوانەکانی سەرۆکوەزیران بکەین، کە لەبارەی کۆتاییھاتنی شەڕی داعش پێشکەشی کرد، دیار دەبێت کە عەقڵیەتێکی شۆڤینیستیی عەرەبی بووە، نەک لەسەر بنەمای عێراقیبوون، کە باسی یەکپارچەییی عێراق دەکات، لەکاتێکدا ئەگەر ھێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی داعش نەبوونایەتەوە شیعەکان لە عێراقیش دەسەڵاتیان لەدەست دەدا و کەربەلا و نەجەفیش دەکەوتنە دەستی داعش، ئێستا کە داعش لەناو برا، بە شێوەیەکی دوژمنانە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکات و دەیانەوێت ھەرێم لەژێر دەستی ئەواندا بێت، نەک بەشێک بێت لە عێراق و، وەکو ھاووڵاتیی پلە یەک سەیری ناکەن، ئەگەرنا ھەموو جیھان دەزانێت، پێشمەرگە چۆن شەڕی داعشی کردووە و پێشمەرگە بووە ھۆی ئەوەی سوپای عێراق بەسەر داعشدا سەرکەوتوو بێت."

(د.ساڵح مەلا عومەر عیسا) ڕوونیشی کردەوە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یەک چاو تەماشای ھەموو خەڵکی عێراق ناکات و پۆستەکەی بۆ ھەمووان بەکار ناھێنێت، بۆیە پێویستە ئەمە دیار بێت کە عەقڵیەتی سەرۆکوەزیران شۆڤینییە، بۆیە پێویستە بۆ خەڵکی ھەرێمیش ڕوون بێتەوە، ئەگەر پێشمەرگە بەرگریی نەکردبووایە، پارێزگاکانی دیکەش دەکەوتنە دەستی داعش و وێران دەبوون، بۆیە حکوومەتی عێراق ھیچ ڕێزی لە خوێنی شەھیدان نەگرتووە."

(د.ساڵح مەلا عومەر عیسا) گوتیشی: "جگە لەوەش ئامادەی گفتوگۆ نییە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پێی وایە سەرکەوتنی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا تۆمار کردووە و بەردەوامە لە سزادانی ھەرێم و ئەگەر لەدەستی بێت ھەرچیی دژایەتی ھەبێت لە بەرامبەر ھەرێم دەیکات، بۆیە نەک ئامادە نییە مافی ھەرێم بدات، بگرە دەیەوێت ئەوانەی لەدەستیشیدا ھەیە، لەدەستیان بدات، بۆیە مامەڵەی ئەو، بە شێوەیەکە ئەگەر وڵاتی سێیەم نێوەندگیری نەکات، زۆر زەحمەتە سەرۆکوەزیران بتوانێ کێشەکان لەگەڵ ھەرێم چارە بکات، بۆیە ئەو وڵاتانەی داوای یەکپارچەییی عێراق دەکەن، پێویستە بێنە سەرخەت و نێوەندگیری بکەن."

چاودێری سیاسی، (ئازاد ئەبوبەکر)یش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە بەربەستە لەبەردەم جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان، بۆیە لە ڕقی بەرامبەر پێشمەرگە ناوی پێشمەرگەی نەھێناوە و جگە لەوەش، ھەڵبژاردنەکان نزیک بوونەتەوە و ئەوەی زیاتر دژایەتیی ھەرێم بکات، زیاتر دەنگ بەدەست دێنێت، بۆیە نایەوێت ناوی پێشمەرگە بێنێت."

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕاشیگەیاند: "ھەموو جیھان دەزانێت ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی داعش بووەوە، ھێزی پێشمەرگە بوو، باشترین بەڵگەش ئەو ھەموو شەھید و بریندارەیە کە پێشمەرگە داویەتی و جگە لەوەش، ئەگەر ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە نەبووایە، ھێزە عێراقییەکان سەرکەوتنیان بەدەست نەدەھێنا، بۆیە بەداخەوە کە باسیان لە ھێزی پێشمەرگە نەکردووە، ئەمەش بەئەنقەست بووە، نەک لەبیری کردووە، بەڵام دیارە بەمەبەست ناوی پێشمەرگەی نەھێناوە."
kdp-
Top