نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەڵمانیا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ دەکەن

 نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەڵمانیا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی دیپلۆماسیی یاوەری کۆبووەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 11/12/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی دیپلۆماسیی یاوەری کۆبوویەوە و لە دیدارێکدا دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عیراقییەکان، باس کران.

لەمبارەیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، جەختی لە پێویستبوونی دیالۆگێکی جدی لە چوارچێوەی دەستووردا لەنێوان ھەولێر و بەغدا کردەوە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ حکوومەتێکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان نیشان دا.

ھەروەھا سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەرگەگرتنی ئەو بارقورسییەی لەسەریەتی، بەتایبەتی دوای ھاتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ ھەرێمی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە ئەڵمانیا لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانییەوە و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی حکوومەت و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ئەڵمانیای کرد کە لە ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە و ھیوای خواست لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن.

دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، نێچیرڤان بارزانی، ھیوای خواست ئەڵمانیا ڕۆڵی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بگێڕێت و بە پێویستی زانی بەپێی دەستوور، بەغدا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکات، دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعش لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە چارەسەر بکرێن، تاکو جارێکی دیکە توندوتیژی سەرھەڵنەداتەوە.

تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.










باسنيوز
Top